لە نزیك پیرییەوە

لە نزیك پیرییەوە

حەوسەڵەی زۆر شتم نەماوە
پێمناكرێ‌ هەموو ئێوارەیەك سەبەتەیەك قسەی بێكەڵك
لەگەڵ خۆم ببەمەوە ماڵەوە و تەنیاییەكەم بروشێنم
نامەوێت زەردەخەنەیەك بخەمە سەر روخسارم
سەر لە دڵتەنگییەكەم بشێوێنێت و فریوی خەمگینی خۆم بدەم
توانام نییە دانیشم بە دیار كەسێكەوە
حیكایەتی ژیانی برژێنێتە حەوزی بێدەنگیمەوە و
سەر لە غەریبكەوتنم تێكدا.
_ _
وەكجاران نەماوم
تا زیاتر لە پیریی نزیك ببمەوە،
زیاتر هەست بە ترپەی دڵی ژیان ئەكەم
دەزانم ئەوەی بۆ هەمیشە لێم دورناكەوێتەوە و دەبێتە هاودەمی ژیانم
سێبەرەكەم و هەستكردنمە بە نەزانین
بیر لە رابردوو ناكەمەوە
بیر لە ئێستاش ناكەمەوە
بیر لە سبەینی ئەكەمەوە، دەبێ‌ سبەینێ‌ چەند دوربم لە ژیان؟!
_ _
حەوسەڵەی زۆر شتم نەماوە
هەرچۆنێك بێت، كاتێك لێرە دەڕۆم، ئیتر شوێنێكم نەماوە نەبووبێت بە برین
من گلەیی لە ژیان ناكەم، هێندە ئەم سەرزەمینەم خۆشدەوێت
بۆنی خاكەكەی پڕم ئەكات لە نەشئە
ئەگەر لە دورەوە منت بینی گۆزەكەم خۆشەویستی لێڕژا
فریو نەخۆیت
من گۆرانییەكم دڵ وێران ئەكەم.
_ _
هەموو ئێوارەیەك
لەگۆشەی شەقامێك دادەنیشم
سەیری ئەو رێبوارانە ئەكەم، لە برین ئەچن و پێكەنینیان بە دونیا دێت!
من پێكەنینم بە دونیا نایەت
من پێكەنینم بە ژیان نایەت
من لەو مرۆڤانەم بۆ ئەوەی دەریخەم لەبیرنەكراوم
هەمیشە بیری ژیان ئەكەم
بەر لەوەی لێرە هەڵسم بڕۆم
دەمەوێت بڵێم:
حەوسەڵەی زۆر شتم نەماوە
بۆ نمونە:( دەستم لێمەدە با ئازارت پێنەگات.)

                                    نەبەز گۆران