وەك كوڕە لادێییەك

وەك كوڕە لادێییەك

یەكجار لە دەرگای ئەوین دەدەم
یەكجار لە دەرگای هاوڕێیەتی دەدەم
یەكجار بانگی هەست دەدەم
ئەوەی دووجار لە دەرگایەك بدات، ونبووە
ئەوەی غروری بچوكتر بێت لە تەنیاییەكەی، تێكشكاوە
ئەوەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی خۆی بگەڕێت، جوانییەكانیشی وێران دەكات.
(هیچ شتێك ئەم رۆژگارە هێندەی ساردی ئازیزێك، ژیانت لەبیرناباتەوە.)
_ _

لەبارەی دۆزەخەوە قسەیەكم نییە
ئەو دۆزەخەی بەناویدا تێدەپەڕم، لە دەرەوەی من نییە، لەناوەوەی منە.
لەبارەی ئاسودەیەوە قسەیەكم نییە
كاتێك ئاسودەیم لەبیرچوو، ئیتر دەنگێك نەما ئاوازەكەی لە دڵەوە نزیكبێت.
وێڵی دوای خۆشبەختی نیم
وێڵی دوای ئەو برینەم لە خۆمدایەوە و، گەر پشتی تێكەم خۆمم لێوندەبێت.
من دەرگام نییە
دەرگا بەكەڵكی چیدێت؟
كەخۆم پەنجەرەیەكی كراوەبم بەڕووی ژیاندا
هەركەسێك بۆ دەرگاكانی من بگەڕێ باپشت لە گوڵی باخچەی شارەكان بكات و،
بەشوێن هەڵاڵەیەكی كێویدا بگەڕێت، كە بۆنی پێكەوەبوون دەدات.
_ _

ئەم ماوەیە…
ئەمەوێت زمانم شیرین بێت
ئەمەوێت زمانم گرێدەم بە هەستەكانمەوە
ئەمەوێت بەجۆرێك وێنەی مرۆڤ بكێشم، دڵ بكاتەوە.
(ماوەیەكە بیرمچووە هەموو گوڵێك باخەوانێكی خۆی دەوێت!)
لەوانەیە كەمێك دوركەوتبمەوە لەخۆم
لەوانەیە كەمێك بیرم چووبێت لادێیم
لەوانەیە ئەم شارە كەمێك فریویدابم
دەبێت سەرلەنوێ تەماشایەكی سێبەرەكەم بكەم
دەبێت سەرلەنوێ‌ گوێ لە ترپەی دڵم بگرمەوە
بەترپەكانی دڵمدا ئەزانی ئەو خۆشەویستییەی لەمندا دەنگی دێت،
بۆ كەسێكە بەجۆرێك دامگیرسێنێت تا مردن نەكوژێمەوە.
(من لە تاریكییدام ئەگەر خۆم دانەگیرسێنم، ژیانم بۆ نادۆزرێتەوە.)

                        نەبەز گۆران  

تابلۆی:
Rostam Aghala