دڵی من

دڵی من

 ماچ……. چاوەكانت ماچدەكەم.

رێگەمبدە با وەك دوو گەنج كەمێك قسە بكەین لەسەر بوونی خۆمان, واتا گەنجێتی, پێمخۆشە زۆر بە راستگۆییانە بۆچوونی خۆمت پێبڵێم لەسەر ژیان.. واتا گەنجێتی, چونكە راستییەكەی گەنجبوون ژیانە نەك شتێكی تر, ئەم نامەیەیشم بۆ هەموومانە, واتا گەنجەكان.

ئەمە بۆ ئەوانەیە لە هۆمیرۆس دەچن, واتا تۆو گەنجەكان, ئازیزم… گومان لە هەموو شتێك بكە, تەنانەت لە بوونی خۆیشت, لەبەرانبەر دەسەڵاتدارەكاندا سەرت هێندە بەرزبكەرەوە توانای بینینی ئەژنۆكانیانت نەبێت, بە جۆرێك هاواربكە هەموو سەرزەمین گوێی لێتبێت. گەورەترین هاوار لە یاخیبووندا بێدەنگیە.

هێندەش بێدەنگ بە وا هەستبكەن لەم ژیانەدا بوونت نییە, ئەوەندە هەنگاو بنێ‌ تا هەموو چاڵەكان تاقیدەكەیتەوە, هێندە سەرسامبە كە بە گێل ناوتنەبەن, ئاگات لە قسەكردنی خۆت بێت, با سەرزەمین قەرەباڵغ نەكەیت, هەرچۆن دەتەوێت جوان خۆت بپارێزی, ئاوایش زمانت بپارێزە.

بەلای ئەو گردانەدا مەڕۆ بۆنی ئایدۆلۆژیایان لێدێت, سێبەری تۆ بەقەت سێبەری یەك لەشكر سامی هەیە بەرانبەر بە پاشاكان, دڵنیابە دەست بەرزكردنەوەیەكی تۆ سەد هێندەی دەست بەرزكردنەوەی پاڵەوانەكان گرنكترە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ژیان, خۆت بە سوپاسالارەكان مەپێوە, ئەوان لە خوار ئەژنۆی تۆوەن.

ئەگەر داهێنەر نەبی وەهم دەتكا بە جادووگەر, ئەوەندە پیاوەتیت خۆشبوێت گەنجێتیت بپارێزێ‌, ئەو كاتەی هەوڵتدا ببیت بە كەسێكی گەورە, دەبێت هەوڵیشبدەی كەسێك بدۆزیتەوە بۆ ناو ماڵەكەت, كەواتە تۆ بە خەسارچووی, خەوتن لەسەر لاپەڕەی كتێبێك بۆ تۆ گرنكترە لە خەوتن لە باوەشی پیاوێك.

خۆت بە خورافاتەكانی ئاینەوە خەریك مەكە, با وەك حەشیشەكێشەكان موعتاد نەبیت, گەر دەسەڵاتدارێكت بینی خۆت وەك ژەنەڕاڵێك پیشانبدە, كاتێك چوویتە لای كرێكارێك بە جێینەهێڵی تا كارەكەی لەگەڵ تەواودەكەی.

لوتبەرزی بۆ تۆ بەرانبەر بە دەسەڵات زۆر جوانە, سادەییشت بەرانبەر سەوزە فرۆشێك دەتكاتە حەكیم, هەوڵمەدە ببی بە نوسەر, با بازووەكانت لاوازنەبن, باوەڕ بە نوسەرەكان مەكە, ئەوەی دەیڵێن بۆ خەڵكە نەك بۆ خۆیان.

هەر كاتێك نوسەرێكت بینی ئەوەندە باوەڕی پێبكە كە دەڵێت من ئینسانم, كاتێكیش بەجێتهێشت چەند درۆی بۆكردووی لەبیر خۆتیان بەرەوە, مێشكی تۆ زبڵدان نییە, تۆ گەر هیچیش نەبیت لە نوسەرەكان گەورەتری.

ستەمكارەكان بۆ ئەوە نوسەر دروستدەكەن تۆ فێری خۆشباوەڕی بكەن, چی نوسین هەیە ناتوانێ شارێكی من‌ و تۆ بگۆڕن, بەڵام دوو ئێوارە تۆ بە تووڕەییەوە بچیتە سەر شەقام, هەرچی سیستەم هەیە هەڵدەوەشێتەوە, سەیربكە تۆ چەند گەورەی لە بەردەم بچوكیی نوسەرەكاندا!

نوسەركان بۆ ئەوە دەنوسن تۆ بیانخوێنیتەوە, تۆش تەنیا جوامێرەكانیان بخوێنەوە, با ئەوانی تر لەبەردەم سێبەرەكەدا سوژدەببەن, گوێیان بۆ مەگرە تا ناچاربن وەك تۆ گەنجببنەوە, ئامۆژگاریی كەس وەرمەگرە, ئەوانەی فێربوون ئامۆژگاریی تۆ بكەن خۆیان پێویستیان بە كەسانێك هەیە فێری گفتوگۆیان بكەن,  بیرتنەچێت خەڵكی وڵاتێكی, هەمووی خوێنە, كەواتە وەك پیاوە گەورەكە وتی: دەبێت بە خوێنی خۆت بنوسی.

تا دەتوانی هەوڵبدە رۆشنبیر بیت, تا پێتدەكرێ‌ مەچۆرە ناو ناوەندی رۆشنبیرییەوە, با ئەو جوانییەی كۆتكردووەتەوە لە دەستینەدەی.

با لە نێوان تۆو نیشتیماندا تەنیا سێبەر هەبێت, هەر كاتێكیش وڵات پێویستی بە تۆ بوو, لەناو مۆزەخانەیەكدا بگەڕێ‌ بۆ پەتی سێدارە, نەكەی هەڵەی وا بكەی لەسەر عاتیفە خۆت بكوژی, چونكە عاتیفە خۆی كوشتنە.

وەلێ‌ گەر عاتیفەیشت نەبوو, بیرتدەچێت كێ‌ دایكی تۆ بووە, دەربارەی ئەو هەنگاوانەی دەیانهاوی, توشی بیماریی ویژدان مەبە, لەگەڵ هەموو هەنگاوێكیشتدا ئەوەندە ئازاربكێشە وا هەستبكەی دنیات خراپكردووە.

گوێ‌ لە ئامۆژگاریكەرەكان  مەگرە, باوەڕ بە عادەتەكان مەكە, متمانەت بە دوارۆژ نەبێت, كە باسی دوێنێیان كرد تۆ باسی ئێستا بكە, وتیان سەمابكە تۆ دەستبكە بە گریان, وتیان ئیمانداربە تۆ رووبكەرە سەر شەقامەكان, وتیان عەیبە گەورەبوویت, تۆ ئەو كاتە بە شوێن منداڵی‌ و گەنجیی خۆتدا بگەڕێ‌.

بەڵام  بیرتنەچێت, كاتێك باوكت وتی بمرە سەری خۆت بەرزمەكەرەوە تا دەمریت, لە هەموو تەمەنتدا نەچیتە ناو سیستەمە خێڵەكی‌ و چینایەتییەكانەوە, تۆ گەنجیت‌ و پێویستت بە حەسار نییە.

دەبێت وەك دینیسیۆس بژیت, كەواتە ئەو ئەسپەت نەوێت كەمەیتەرەوانی هەیە, سواری ئەو گالیسكەیە نەبیت بە دیار مێژوەوە وەستاوە, تۆ هەمیشە لە دەرەوەی مێژوویت تا بتوانیت بە چاوە بازەكانت روداوە خوێناویەكان ببینی, باهەمیشە كتێبێكی پیاوی مەزن (نیتشە)ت لەبن دەسدا بێت.

با كەوانەكەت بیرنەچێت هەركاتێك ویستت تیری خۆت بەرە و گێلیەتی ئەوانی تر بهاوە, گوێ‌ بەن ەفرەتی ئەوانە مەدە كەوتەنەتە ژێر زەبری حەقیقەتی تۆوە, تا نەكەویتە بەر نەفرەتی گێلەكان‌ و پیرەكانەوە تۆ گەنج نیت.

تۆ دەبێت وەك زۆربا بیت, تۆ دەبێت خۆت با بیت, خۆت تۆفان بیت, خۆت هێمنی ‌و ژیری بیت, بچۆرە ناو مۆزەخانەكانەوە تا رابوردووی خۆت بناسی, نەكەی روو لە كتێبە بێوشەكان بكەیت‌ و خۆت خەساربكەی, هەمیشە ئەوانە بخوێنەوە كۆدیتایەك دەخەنە ناو عەقڵتەوە.

تۆ نابێت عاقڵبی, تۆ دەبێت ژیربیت, كاتی خۆت بە عەدەمیەتی كۆمەڵناسەكانەوە مەكوژە, ئاگاداری خۆت بە نەكەویتە داوی دەرونناسەكانەوە, ئەوانە هیچ نین جگە لە تۆپەڵێك غەریزە.

كاتی خۆت بە فەلسەفەی ئاینەوە مەكوژە, كەی بڕیارە تۆ خۆت گێل بكەی؟ ئەوەی ئەوان دەیڵێن هێندەی هەیبەتی بەیانییەكی تۆ سەنگین نییە, تۆ دەبێت خۆت فەلسەفەبیت, لێبگەڕێ‌ باگەنجیت بای باڵی خۆی بدات, لێبگەڕێ‌ باپیرەكان ئەوەندە ئامۆژگاریت بكەن تا خۆیان عاقڵدەبن, نە هێڵی هەموو شتێكت ببێتە ئاسودەیی.

ئاسودەیی بۆ ئەوانەیە بە شوێن چێژەوەن نەك تۆی ژیر, متمانە بە نوسەرو پێغەمبەرەكان نەكەی, دایم هەوڵبدە درۆكانیان بدۆزیتەوە, لەو شوێنەی زانیت دەبی بە پێغەمبەرێك بە شارەوانیی شارەكەت بڵێ‌ بابێت وەك زبڵ فڕێتبداتە دەرەوەی شار, چونكە تۆ كەڵكت نەماوە‌ و پێغەمبەرایەتی كۆتاییهاتووە.

ویژدانی خۆت ئاسودە بكە, دەسەڵاتدارو پاشاكان لە ویژدانی ئاسودە دەترسن, خەمت نەبێت پاشاكان ناوێرن سەیری دەموچاوت بكەن, چونكە تۆ زۆر لەوان پاشاتری.

هەژارەكان هەمیشە تۆیان خۆشدەوێت, چونكە تۆ هەژاریت, با هەژارێكت بەلاوە گرنكتربێت لە پاشایەك, هەژارەكان هەرچییەك بن لە پاشاكان زۆر پاكترن, رۆژنامەكان مەخوێنەوە, بوونی ئەوان مەرگی كتێبەكانە.

 بۆ تێگەیشتن لە بێ‌ مانایی سەرەتاكانی ژیانی بەیانیان، رۆژنامەكان بخوێنەوە تا بزانیت كۆمەڵگەكەت چەند بێمەعنایە, هەرچی لە رۆژنامەكاندا دەیبینی عەیب‌ وعاری رۆژنامەنوسەكانە, سەیری عەرەبانەیەكی سەوزەفرۆش بكەیت زیاتر فێردەبی لەوەی سەیری رۆژنامەیەك بكەی.

لەگەڵ رۆژگاردا تێمەپەڕە, لەگەڵ خۆتدا تێبپەڕە, تۆ خۆت رۆژگاری, كۆتایی بۆ خۆت دامەنێ,‌ تۆ كۆتاییت نییە, كار بۆ ئەوە مەكە بگەیتە ئەبەدییەت, دوایی پەشیماندەبیتەوە, ئەبەدییەتی تۆ لە ئێستادایە.

هەرگیز لە خۆت رازینەبی, باوەكو دەسەڵاتدارەكانت لێنەیێ, هێرشمەبە بۆ شتێك لە خۆت بچوكترە, مەچۆرە ژێر باڵی دەسەڵاتەوە, دەسەڵات زۆر لەوە بچوكترە شوێنی تۆی تێدا ببێتەوە, ئامۆژگاریی كەس مەكە, ئەوە قسەیەكە بەسەرچووە, گوێ‌ بۆ هەموو كەسێك بگرە, بەڵام باوەڕ بەكەس مەكە خۆت نەبێت, گوێ‌ لە گۆرانییەك مەگرە كە دەزانی بێدەنگت ناكا, لەگەڵ عادەتی خەڵكیدا مەبە, تۆ خۆت عادەتی.

تا بەرپرسەكان بانگت نەكەن مەچۆ بۆ لایان, كە قسەت بۆ كردن لە بێئاگایی بەرپرسەكانەوە قسە بكە, كە دەزانی شتێك نییە پێیانبڵێیت گوێیان بۆ مەگرە, نەبیتە گوێڕایەڵی دەسەڵاتداران با نەتكەنە دەرگاوانی خۆیان.

وا بكە كۆشكەكەی تۆ ئەوەندە گەورەبێت میرەكان بكەیتە دەرگاوانی خۆت, لە شوێنێكدا تووڕەببە هەستبكەیت كاتیەتی, لە مردن نەترسی, میوانێكە هەر كاتێك بیەوێت دێتەلات, وا مەكە بە خۆت زوو بمری, بامیرەكان دڵخۆشنەبن.

با هەمیشە متمانەت بە خۆت هەبێت, خەڵاتی نوسەرو میرەكان وەرمەگرە با نەبیتە رەعیەت.

خەڵاتی میرەكان زۆر باشترە لە خەڵاتی نوسەرەكان, چونكە میرەكان پێیانخۆشە خەڵاتت بدەنێ‌ بۆ ئەوەی عەدالەتی خۆیان دەربخەن, بەڵام تۆ هەر بەردەوام باسی ناعەدالەتیی ئەوان بكە.

نەهێڵی پرینسیبەكان قەناعەتت پێبهێنن كە تۆ منداڵی ئەو كۆمەڵگەیەیت, لافی ئەوە لێمەدە لە خەڵكی گەورەتری, گەر وا بكەیت لەگەڵ پاسەوانێكی سەر خوانی ماڵە هەژارەكان هیچ جیاوازیت نییە, تۆ مشەخۆر نیت.. تۆ گەنجیت.

با لە بەرانبەر خەڵكدا سادەبیت, وەلێ‌ بەرانبەر دەسەڵاتداران لوتت بەرزبكەرەوە, باوەڕ بە خۆت بهێنە, پێكەنینێكی تۆ لەوتەی سیاسییەكان زۆر بەهێزترە, ئەوەیشت بیرنەچێت گەورەترین هاواری تۆ هێندەی هاواری زیندانییەك ترس ناخاتە دڵی ستەمكارانەوە, هەرچەند تۆ هاواربكەی لای سیاسییەكان هیچ مەعنای نییە.

تا بۆچوونێك نەناسی مەڵێ‌ باشە, تۆ یەك پارچە لە (نا)یت, لە هەموو مەسەلەیەكدا وشەی (نا)ت بیرنەچێت, گاڵتە بەهچ شتێكی هەژاران مەكە, با پاشاكان دڵخۆشنەبن.

لەو شوێنەی گاڵتە بە قسەی كەناسێك دەكەی, ئا لەوێدا هیچ جیاوازیت نییە لەگەڵ ستەمكارێكدا, ئەگەر خووبدەیتە قەشمەریی دەسەڵاتدارەكان كاتیان بۆ دەلوێ‌ پەرە بە رابواردنی خۆیان بدەن, دەبێت هەموو ژیانت بیماری بێت, چاو لە میللەتە گەورەكان مەكە, چونكە تۆ لە ناو میللەتێكی بچوكدا دەژیت.

خۆت مەبەستەوە بە یاد و بۆنەكانەوە, تۆ كاتی بۆنەكانت نییە.

رۆژێك دیاریمەكە بۆ بینینی خۆشییەكانت, ئەمە كاری پیاوە ئاینییەكانە, لەگەڵ كەسە ئاینی‌ و واعیزەكاندا مەكەوەرە مناقەشەوە, دەدۆڕێیت! لە هەر شوێنێك مێزەرێكت بینی بزانە ئەو میللەتە زۆری ماوە بگاتە ئەوەی عەقڵی خۆی دەربخات.

نەیەڵی چاوت رابێ‌ بۆ بینینی ناشیرینی‌ و ناعەدالەتی, نەیەڵی زمانت لە وتنی حەقیقەت لابدات, متمانە بە حیكایەتەكان مەكە, بوونی هەر مەسەلەیەك بە حیكایەت, ونكردنی ئەسڵی خۆیەتی.

تۆ گەنجیت, واتا تۆ ئەسڵیت.

كە چوویت بۆ شارەكان, ریشی شاعیرە پیرەكان رابكێشە, ئەوەندە شیعرە كۆنەكان بخوێنەوە رابوردووی خۆت بناسی, باوەڕت بە بنەماو پایە نەبێت, پایە ئەوەیە تۆ دایدەنێیت, هەر كاتێكیش ویستت بیڕوخێنە.

هەر كەسێك ستایشی درۆزنانەی كردی بكێشە بە دەمیدا, خۆ تۆ میر نییت پێویستت بە ستایش هەبێت, بێشەرمانە سەد جار ئەوانە شەرمەزاربكە كە پێیانوابوو زیندانی ئاكرێ‌ جیاوازبوو لە زیندانی قەڵاچۆلان, بەشوێن جیاوازیی حیزبە ئیسلامییەكان ‌و حیزبە عیلمانییەكاندا مەگەڕێ‌, چونكە ئەوان لە بنەمادا وەكو یەكن.

هەرچییەكیان پێوتی هەڵیمەگرە, خۆ تۆ عەمباری قسە بێماناكانی خەڵك نییت, كاتێك باسی ئەدەب‌ و شیعر كرا, بەس گوێ‌بگرە, تۆ ئەوەندە عاتیفی نییت بكەویتە شوێن خەیاڵی شاعیرە مەعاشخۆرەكان.

ئەوەی نایزانی بڵێ‌ نایزانم, ئەوەی دەیزانی بۆ خۆت هەڵیبگرە, نەیەڵی بكەویتە ژێر عەقڵی قوتابخانە ئەدەبییەكانەوە, ئەم قوتابخانانە بۆ ئەوانە دروستكراون هێشتا تەپوتۆزی مێژوویان لەسەرە.

هەرچی بیت تۆ ئێستای, تۆ ئایندەی, تۆ گەنجییت.

خۆت لە عەبەسیەت‌ و ماركسیەت‌ و ئاینگەرایی ‌و ئەم شتە پوچانە بپارێزە, هێندە بوێربە شەق لەپەیكەرەكەی ئیبراهیم پاشا هەڵبدەی, هەركاتێك بەلای ئیبن مستەوفیدا تێپەڕییت چەمۆڵەیەكی تێبگرە, تا بزانێت تۆ چۆن رابوردوو شەرمەزاردەكەی.

  هەر شتێكت دەستكەوت بیخوێنەوە, تەنانەت ناونیشانی دوكان‌و بازاڕەكانیش, دوای دانتی بكەوە, لێبگەڕێ‌ با ئەوان بۆ خۆیان بدوێن, دوای خۆت بكەوە, لێبگەڕێ‌ با دانتی بۆ خۆی هەر قسە بكات.

بڕوا بە عەقڵی تەمومژاوی نەكەی, عەقڵی تۆ وێڵی سادەییە, گوتاری سیاسییەكان هیچی زیاتر نییە لە گوتاری تونچیی حەمامێك, خۆت خەریك مەكە بە ناسینی حیزبەكانی وڵاتی خۆتەوە, با ئەوان خۆیان خەریكبكەن بە ناسینی تۆوە.

بیر لە كورسی مەكەرەوە, كورسیی حەوشەی ماڵەكەتان بۆ تۆ قورسترە لە كورسیی پاشایەك, ئەوەی سروشت بەتۆی داوە هەر ئەوەیە كە داویەتی بە فەیلەسوفێك, كەواتە ئەگەر تۆ خۆت بناسی تۆیش فەیلەسوفی, بچۆرە ناو خەڵك باتەنیا نەبی, لەناو خەڵكدا هەمیشە هەست بە تەنیایی بكە.

تۆ دەبێت هەمیشە گەنج بیت.

ئازیز یەسنا, ئەمە تەنیا كەمێك قسەكردن بوو لەسەر گەنجێتیی خۆمان, تەمەننادەكەم هێندە جوان ژیان بە ڕێبكەی مردن بەخیلی بە بوونی خۆی ببات, ئیدی ماندووم, زۆر ماندووم, بیرتدەكەم, خوات لەگەڵ بەڕێزم.

 10 \4 \2006