لامل سوور

لامل سوور

لە پاركەكە هاتمە دەرەوە. رۆژی هەینی بوو، هەینییەك نە گەرم، نەسارد. هەتاو بە ناوەراستی ئاسمانەوە خۆی ئەكێشا بەسەر شارەكەدا. ئاسمان بەجۆرێك روونبوو، هیچ ئەستێرەیەك دەر نەدەكەوت. هەینی زۆر خەمگینە، رۆژێكە لە و رۆژانەی، لە پرسە ئەچێت. هیچ رۆژێك وەك رۆژەكانی هەینی، خەمگین و پرساوی نییە. لێرە كەس نابینی، نیگەرانبێت لە پرسە و خەمگینی، خەڵكی ئێرە بەسروشت لەگەڵ شادیدا بەینیان نییە، زۆر مەیلی خەمگینی و ئازار دەكەن. زۆر كەیفیان بە شادی نایەت، هەموو كوچەو كۆڵانەكانی ئەم شارە پڕبكە لە پرسە و شیوەن، یەك كەس نابینی دەنگی لێوەبەرزبێتەوە، بەڵام لە گۆشەیەكەوە كەمێك خۆشی دەركەوێت، یان تۆزێك شادی خۆی بنوێنێت، بەهەزاران كەس دەبنە دوژمنی. من هێشتا لەوە تێناگەم، بۆچی ئەم خەڵكە هێندە بێزارە لە شادی، بۆچی نایانەوێت شادی ئەویتر ببینن!

رۆژێكی خۆشبوو بۆمن، هێندە خۆش هیچ لە هەینی نەدەچوو. دەستم خستبوویە گیرفانم و بە دڵێكی خۆشەوە بەسەر شەقامەكەدا دەهاتمە خوارەوە تاخۆم بگەیەنمە ناو بازار. لەبەرخۆمەوە گۆرانیم دەوت، قسەم دەكرد و، بەملاو ئەولادا سەرم دەسوڕاند، چێژم لە سەیركردنی هەمووشتێك دەبینی. مرۆڤ جاری واهەیە هێندە دڵخۆشە چێژ لە سەیركردنی ئەو شتانەش دەبینێت، هەزارانجار بینیوونی. جارجارە جگەرەیەكم دادەگیرساند و دڵم وەك دەروازەیەك بەڕووی ژیاندا كرابووییەوە. یەواش یەواش بەرەو بازارەكە ئەكشام. هەر كەسێك بە تەنیشتما تێدەپەڕی، بەجۆرێك سەیریدەكردم، وەك بڵێی شتێك رویدابێت. سەیركردنەكان ئاسایی نەبوون، چاوەكان وەك چاوی گورگ دەچەقین بە گیانما. جاربەجار دەوەستام و  ورددەبوومەوە لە سەرو شكڵی خۆم ، شتێكم شك نەدەبرد. وتم لەوانەیە هی ئەوەبێت دڵم خۆشە. ئاخر چۆندەبێت لە رۆژێكی هەینیدا كەسێك لەناو ئەم خەڵكە پرسە گێڕەدا ئاوا دڵی خۆشبێت. حەتمەن دڵخۆشییەكەم بەجۆرێك لە روخسارمدا دەردەكەوێت خەڵكەكە نیگەران دەكات.

تا زیاتر خەڵكم دەبینی، زیاتر هەستم بە توڕەی سەیركردنەكانیان دەكرد. لای دوكانی بەقاڵێك لامدا سێوێك بكڕم. هەمیشە حەزم لەوەیە، سێوێك بكڕم و بەدەم ڕێوە قەپاڵی لێبدەم. هیچ میوەیەك هێندەی سێو، لەتامی ئەم ژیانە نزیكم ناخاتەوە. گەڕام… گەڕام، لەناو سەبەتەكەدا سێوێكی سووری جوانم هەڵبژارد، هەر لە دورەوە پارەكەم دانا و، بەقاڵەكە هێندە سەرقاڵبوو، پارەشم نەدایە نەیدەزانی. بەدەم سێوخواردنەوە خەریكبوو لە مەیدانی گشتی بازارەكە نزیك دەبوومەوە.

خەڵكەكە سەیریاندەكردم. لە هەرچوارلاوە سەیریاندەكردم. منیش لە هەوای خۆمابووم. دوكاندارەكان، ژنەكان، پیاوەكان، هەركەسێك لەوناوەبوو، سەیریدەكردم، سەیركردنێك قەستیانبوو بەچاو هەڵم قڵیشێنن.

خودایە… من هیچم نەكردووە، من لە هەموو رۆژەكاندا تەنها یەك رۆژ دڵم خۆشبووە، بۆ دەبێت دڵخۆشیییەك وای لێبێت ئیتر بترسم لە هەموو خۆشییەكانی تر. دەبێت چی رویدابێت، بۆ دەبێت بەو جۆرە دڵخۆشبم، ئەم هەینییە لەم خەڵكە تێكدەم. هەینی سروشتی وایە، كەیفی بە دڵخۆشی نایەت. هەینی پرسەی رۆژەكانی ترە. رۆژانی هەینی ژیان پشو ئەدات، شار بەجۆرێك دەموچاوی ئەدا بەیەكدا، حەزناكەی لێی نزیك بیتەوە. هەینی تەنیایی رۆژەكانی ترە، بەڵام من  دڵخۆشبوو، هەستم بەتەنیایی و خەمگینی نەدەكرد. كە نزیك بوومەوە لە مەیدانی شارەكە، بۆنی چایەك هات بەسەرما، خۆم نەگرت و چوومە چایخانەیەكەوە. خایخانەكە زۆر باریك بوو، وابزانم كۆنە راڕەوێك بوو دوو گەنج كردبوویان بە چایخانە. لەمبەرەوە ریزێك دانیشتبوون، لەوبەریشەوە ریزێك. لەو بەینە شوێنی خۆم كردەوە و چایەكم بانگكرد. ئەوانەی تەنیشتم و ئەوانەی ئەوبەریش، خراپ سەیریاندەكردم. كەمێك هەڵوەستەمكرد، ترسێك هاتە ناو خۆشییەكەی ناو دڵمەوە.

خەریكبوو چایەكەم دەتواندەوە، گوێم لێبوو، هەموو منارەكان هاواریان لێهەڵسا. نازانم چۆن یەكتریان تێگەیاندبوو، نازانم بۆ بەو خێراییەوە و بەیەك كات پێكەوە كەوتنە هاواركردن. دەنگی هاواری منارەكان سەرتاپای شەقام و كوچەو كۆڵانەكانی گرتەوە. هاواریاندەكرد. ئەم شارە شێواوە، ئەم شارە بەم نزیكانە كۆتایی دێت، ئەمە ئاخر زەمانە، قەت بووە لە رۆژێكی هەینیدا، كەسێك بەبێ‌ شەرمانە، بە لاملێكی سوورەوە، بەناو شەقاماكاندا تێپەڕێت و، گاڵتەشی بەم خەڵكە بێت. ئیتر بۆچی قاتوقڕی هەڵناكات، بۆچی شار وێران نەبێت، بۆچی تۆفانەكان نەیەن هەموومان بخنكێنن. سەردەمەكە وا گۆڕاوە لەم نزیكانە قیامەت هەڵدەستێت. خۆ هەمووتان بینیتان، بینیتان بە رۆژی روناك بە لاملی سوورەوە تێدەپەڕی و گاڵتەی بە ئەخلاقی باوباپیرانمان دەهات. خۆبینیتان خەڵكینە….

سەرەتا تێنەدەگەیشتم مەبەستیان چییە، بەڵام كەبینیم هەموو گەنجەكانی ناو چایخانەكە بە مۆڕەیەكەوە سەیری منیانكرد و هەڵسان چایخانەكەیان جێهێشت، تێگەیشتم هاوارەكان بۆمنە. ئیتر یەواشێك سەرم لاركردەوە  سەیرێكی یەخەی كراسە سپییەكەی خۆمم كرد، بینیم شوێن دوو لێوی سووری پێوەیە. وای خودایە… من ئەمڕۆ لەپاركەكە ژوانم هەبوو، یارەكەم ماچیكردم و شوێن لێوەكانی بەسەر یەخەی كراسەكەمەوە جێماون. تاوێ‌ سەیری شوێن لێوەكانیمكرد، زۆر جوانبوون، هێندە جوانبوون، بەحەیاتم جوانی وام نەدیبوو.

بەدەم سەیركردنی یەخەكەمەوە، دەنگی منارەكان خۆی دەكرد بە چایخانە بچوكەكەدا. لە دڵی خۆمدا پێكەنینم دەدات. بەخۆمم وت: باشە كوڕی باش… خۆ بینیت. خۆبینیت خەڵكی ئەم سەردەمە چۆنن. شوێنی دوو لێو بەیەخەی كراسەكەتەوەبێت، بەسە بۆ ئەوەی شارێك تێكدەیت. ئەها هەموویان باسی خۆشەویستی ئەكەن، بەڵام بەرگەناگرن شوێن پێی خۆشەویستییەك كە لێوە، بەیەخەی كراسێكەوە ببینن. ئەمانە خۆشەویستیان بۆ خۆیان دەوێت، ئەمانە هەموویان لە گۆشەیەكی تاریكدا خۆشەویستی ئەكەن، دەیانەوێت خۆشەویستی بشارنەوە، بەڵام لەناو روناكییەكی گەورەدا، رق هەڵدەرێژن. سەیركە چۆن نەفرەت لەمن دەكەن، چۆن سەیرم دەكەن، چۆن وێرانی دونیا دەبەستنەوە بە شوێن دوو لێوی سوورەوە.

بەم جۆرە سەیری یەخەی كراسەكەمم ئەكرد و خەریكی ورتە ورتبووم لەگەڵ خۆما. سەرێكم بەرزكردەوە، چایچیەكە بەشێوەیەك لێمی ڕوانی، هەستمدەكرد ئێستا پەلامارم دەدات. یەواشێك هەڵسام پارەی چایەكەی بدەمێ‌، هێندە بەرەق و ناخۆشی جوابی دامەوە پاری من وەرناگرێت، موچركێك هات بەگیانما. سەری خۆم داخست و بەناو بازارەكەدا، بەناو ئەو هەموو چاوانەدا، كە وەك خەنجەر لەمبەر و ئەوبەرمەوە وەستابوون تێپەڕیم.

گەرچی دەترسام، بەڵام دڵم خۆشبوو. تێگەیشتم ترسناكترین شت لێرە ئەوەیە، خۆشەویستی بكەیت. هیچ شتێك وەك خۆشەویستی ئەم خەڵكە ناشێوێنی. دەستم خستە سەر شوێنە سوورەكەی سەر یەخەی كراسەكەم و خۆمكرد بە كۆڵانێكی تەسكی چۆڵا. شارەكە گرمەی دەهات. نازانم چیڕویدا، بەڵام ئەزانم حاڵی ئەو خەڵكە هیچ باشنەبوو. خەڵكانێكن بۆئەوەی بیانكەی بە دەستوەشێن، هیچ پێویست ناكات نەخشەیان بۆ بكێشیت، هیچ پێویست ناكات مەنجەنیقیان بۆ دروستكەیت، هەر تەنها گۆشەی خۆشەویستی نێوان دووكەس دەرخە بۆیان، ئیتر شەیدایانە دەكەونە ناو نەفرەتەوە. دەكەونە ناو دونیایەكەوە، وەك ئاش رق بەرهەمدێنن‌. هاورێكانم حەقیانبوو، حەقیانبوو ئەیانووت: كوڕم تۆ مناڵی… تۆنازانیت چ شتێك ترسناكە و چ شتێك باشە. ترسناكترین شت ئەوەیە بتەوێت لەناو كۆمەڵگەیەكی بێرەحمدا چیرۆكی خۆشەویستی دورستبكەیت. كوڕم تۆ منداڵی… تۆ هێشتا نە دونیات بینیوە، نە ئەم خەڵكەش دەناسیت. ئەم خەڵكە خۆیان تۆپەڵێك رقن، هەمیشە لەم ژیانەدا بۆ گۆشەیەك دەگەڕێن خۆشەویستی تێدابێت، تا بەرق وێرانی بكەن. كوڕم تۆ هێشتا مناڵی.

                                    نەبەز گۆران

فۆتۆ:saman.a.ali