بۆ پیرباڵ… بەبێ‌ هاروهاجییەكانی

بۆ پیرباڵ… بەبێ‌ هاروهاجییەكانی

سڵاو… قژلول گیان…

بەر لەهەمووشتێك زۆرم پێخۆشبوو دوای ئەو هەموو ماوەیە، جارێكی تر یەكمان بینییووە. راستییەكەی چەند جەنجارێك پێمگوتی: كەمێك لاواز بوویت! بەڵام هەروەكجاران بەهەیبەت. بەینی خۆمانبێت، سەریشت خەریكە توێكڵەكەی دەرەكەوێت، تۆزێكی تر ئاوا بڕۆیت كە تەماشات بكەم لەخۆمەوە پێكەنینمدێت و ئەشزانم هەرجارێك پێبكەنم، سەیرێكم دەكەیت و بەزەردەخەنەوە دەڵێیت: سەگباب ئەزانم بەچی پێدەكەنی!
تۆ با لەوە گەڕێم، تێدەگەم ماندوویت، لەوەش تێدەگەم زۆر عەزیەتیانداویت. كە چیرۆكەكانت بۆ دەگێڕامەوە، لە ناخەوە ئازارم پێدەگەیشت. رەنگە وادەركەوم گوێگرنیم، بەڵام گەربمەوێت گوێ‌ لەكەسێك بگرم، بەجۆرێك گوێی لێدەگرم ئیتر برینەكانی دەبنە بەشێك لە بوونی خۆم. حەزدەكەم شتێك بڵێم:
توسەری خۆت واز لەو شتانە بێنە، وەرە رۆمان بنووسە. رۆمانە تازەكەتم خوێندەوە (قەبرێكی سێگۆشە) هەر بەرژدی ناتوانم لەسەری نەنووسم، چونكە رۆمانێكت نووسیوە، هەرلەخۆت دێت بینووسی. غەزەب تۆ زۆر سەیری لەنووسینی رۆمان. یەكسەرە بیرم بۆ ئەوەچوو جارێك (رامیار) وتی:” ئێمە لە كەمپێكی گەورەداین، زیندوەكان ئەوانەن دوای كردنەوەی دەرگای كەمپەكە بە سەلامەتی بمێنن و، چیرۆكی ناو كەمپەكە بگێڕنەوە.” تكا ئەكەم، حەزناكەم وا لەخۆت بكەیت، هەندێكجار بە جۆرێك دەتبینم، پێش ئەوەی ئازاری خۆت بدەیت، ئازاری نزیكەكانت و هاوڕێكانت دەدەیت. ئەوەی بۆ منت گێرایەوە، حەقیقەتی چیرۆكەكەتە، بەس ئەمە مانای ئەوە نییە تۆ دەست لەو هونەرە بەرزەی خۆت هەڵگری و سەرقاڵی ئەو شتانەبیت، كە هیچ لە كاری تۆ ناچن. حەقیقەتی چیرۆكەكەت لای هەندێكمان هەیە، رۆژگارێك دێت دەیگێڕینەوە، بەس تۆ وا لەخۆت مەكە.
وادانێ‌ هەموومان كارەكتەری ناو ئەشكەوتەكەی رۆمانەكەتین. هەموو خراپەكارەكان لەوێین، دەرەوەی ئەشكەوتەكە دونیایەكی كراوە نییە، زیندانێكە پڕ لە ئازار و دەرد. تۆ لە رۆمانەكەت بە هوشیارییەوە ئەم دوو شوێنە پیشانی ئێمە دەدەیت، كەچی لە واقیعدا خۆت لەناو زیندانەكەدا بۆ ئازار دەگەڕێیت! ئەو پاڵەوانەی لە ئەشكەوتەكە دێتە دەرەوە، راستە بەشوێن، خۆی، یان باوكی رەمزی كە حەقیقەتە دەگەڕێت و ئەو حەقیقەتە لەناو گۆڕێكی سێگۆشەدایە، بەڵام چارەنووسی هیچ جیاوازی نابێت لەگەڵ چارەنووسی ئەوانەی، پشتیان لە حەقیقەتكردوە و لەبەر بێباكی ونبوون لەناو دونیایەكی زیندانیدا.
فەرهاد گیان…
باجارێكی تر بیڵێمەوە: رۆمانێكی زۆر نازدارت نووسیووە. من چاوەڕێم نەدەكرد ئەم كارەت لە كارەكانی ترت باشتربێت، بەڵام من هەڵەبووم، ئەم رۆمانەت یەكێكە لە بەرزترین ئاستی هونەری رۆمانووسین. ئەوەی دەیەوێت لە ئەشكەوتەكە بێتە دەرەوە، دەرەوەیەك بوونی نییە، زیندانێك بوونی هەیە. لەم زیندانەدا بیركردنەوە باشترە لە دەنگە دەنگ. هیچ حەقیقەتێك بە دەنگە دەنگ و هاواركردن نادۆزرێتەوە. من دەزانم ماندوویت، ئەورۆژە پێتوتم جاران زۆر قیت و قنج ئەچوم بەرێگادا، ئێستا بۆوا چەماومەوە، راستی ژیانی ئێستا بەجۆرێك پڕكراوە لە كەلوپەل، هەرچۆنێك خۆتی بدەیتە بەر هەر دەتچەمێنێتەوە. بەڵام خۆشبەختانە هێندە لە قسەكردن و دەنگە دەنگ دوركەوتوومەتەوە، جگە لە دەنگی وشەی ناو كتێبەكان، هیچ شتێكی دەرەوە تەنیاییەكەم راناچڵەكێنێت. وابیردەكەمەوە، وەكخراپە كارێكی ناو ئەشكەوتی رۆمانەكەت هاتوومەتە دەرەوە، لەم دونیا زیندانی و پڕئازارەدا، بە بێدەنگی بە شوێن ئەو حەقیقەتەدا دەگەڕێم، بەڵام هەرگیز بە شێوازی تۆ بۆی ناگەڕێم و بەشێوازی خۆم بۆی دەگەڕێم.
پیرباڵی نووسەر…
من ناتوانم بڵێم وابكە و وامەكە، هەرچەندە بە شێوازی خۆم پێموتی. بەڵام حەزەكەم رۆمان بنووسی… رۆمان. ئەوەی ئێستا بۆی دەجەنگیت بەشێكی لەدەستچووی ژیانتە، بەڵام ئەوەی بۆتۆ دەمێنێتەوە ئەو نووسینانەن خۆیاندەكەن بەناو ماڵەكان و بیركردنەوەكانی ئێمەدا. وابزانم خۆتدەزانی: من ئەو پیرباڵەی خەریكی ململانێی سیاسیی سنووردارە حەزم لێی نییە، چونكە حیزب بۆخۆی زەلكاوێكە و هەموومانی پیسكرد! ئەم زەلكاوە یان دەبێت وەك بۆقێكی ئازیزبیت تێیدا، یان دەبێت لە هەزارلاوە بەرخەنجەرت بدەن، جا كێشەكە ئەوەیە تۆ بۆقی ئازیز نیت و پڕی لەشوێن نوكی خەنجەر. حەزەكەم لەبری ئەوەی شوێن برینەكان بكەیت بە هاواری سەرشاشەكان، بیكەی بەچیرۆك بۆئەوەی بیانخوێنینەوە و جارێكی تر ئێمە ناچاربین، بەجۆرێكی تر بیربكەینەوە و بەجۆرێكی تر سەردەمەكە و دونیاكەی خۆمان ببینین.
زمانم ڵاڵبیت… من هەمیشە خەمی ئەوەمە كەسانێك هەن زوو بمرن، دەمەوێت بەرلەوەی مەرگ لە دەرگاكەیان بدات، هونەرەكەی خۆیان لە شتی دیكەدا بەخەسار نەدەن. دایم خەمە (بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن، رەوف بێگەرد، مەریوان قانیع و تۆ…) بمرن. لەبەرخۆمەوە دەڵێم: باشە بەیانییەك هەڵسم ئەمانە ئیتر لێرەنەمابن، كێ‌ بەم زووییە شوێنیان بگرێتەوە و ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕبكاتەوە؟ ئەمانە میراسێكی گەورەبوون بۆ ئێمە، بەهیوام بمێنن تا نەوەی پاش خۆیان بەخەزنەیەكی پڕەوە بێنە شوێنەكانیان. دەی ئیتر تۆ خۆت تێدەگەیت چیدەڵێم. ماڵتئاوابێت ئەو هونەرە گەورەیەت هەیە لە نووسینی رۆماندا، خەریكی چیت؟
بابیرم نەچێت، هەروەك خۆت كردمت بە وەكیل، كە رۆمانەكانت لە كتێبخانەكانی سلێمانی تەوابوون و فرۆشران، پارەكەیان كۆدەكەمەوە و لۆت دەنێرم. هیوادارم لەبری شاشەكان و ئەو فەزایەی خۆتت تێخستووە و ئازارت پێدەگەیەنێت، رۆمانێكی تر بنووسیت. ئەشزانم بە قسەم ناكەیت و منیش لە داخانا دەڵێم: كاكە تۆ گوێ‌ لەكەس ناگریت.
بەهەرحاڵ… لەم ماوەیە بە درێژی لەسەر رۆمانەكەت (قەبرێكی سێگۆشە) دەنووسم.

هاوڕێت… نەبەز گۆران