بازنەكەی راسا

بازنەكەی راسا

ناتوانم باسی شێوەی بكەم، ساڵێك بوو هاتبوونە كۆڵانی ئێمە روخساریم نەدیبوو. تەنها یەكجار پەردە رەشەكانی پەنجەرەكەیانم بینی لادرابوونەوە و، تارماییەك لەو دیوو پەنجەرەكەوە دیاربوو، گەر خەیاڵم فریومنەدا ئەو تارماییە خۆی بوو. بە قسەی ژنانی كۆڵانبێ‌ دەیانگوت: هەتا بڵێی ژنێكی میهرەبان و نەرم و نیان و بێدەنگ بوو. كچی یەكێك لە نیگاركێشەكانی شاربوو، لەناو ئەو هەموو كوڕە نەرم و نیانانەی ژیانیان پڕە لە ڕەنگ و وشە، دڵیچووبوو لە كەسێك، دونیاكەیان هێندە جیاواز بوو، تێنەدەگەیشتی ئەم دڵچوونە چۆن سەریگرتووە. سەیرە كچی نیگاركێشێك ژیانی بە ڕەنگ تەنرابێت هێندە ورد نەبێت و بیرلەوەنەكاتەوە پێویستە ئایندەی لەگەڵ كەسێدا بێت ژیان نەكات بە قەفەس.
كاتێك هاتنە كۆڵانی ئێمە بە شەو ماڵیان گواستەوە، سەرەتا وا تێگەیشتم پیاوەكەی ئیشی زۆرە و بە رۆژ پێیناكرێت، دوای زانیم نەخێر من هەڵەم. پیاوەكەی تەنانەت حەزینەدەكرد كەس روخساری راسا ببینێت. گەر بیویستایە ژنێكی كۆڵانیش بیبینێ‌ دەبا ژنەكە بچێتە ماڵی ئەوان، نەك ئەو بێتە ماڵە دراوسێكان. (هەندێكجار ماڵ دەبێتە زیندانێك بۆ مرۆڤەكان.)
نازانم چۆن باسی پیاوەكەی بكەم، ورگێكی زل، سمێڵە زۆرەكانی سەر لێوە ئەستوورەكانی بۆیاخ دەكرد و، سەریشی تا نیوە توكی پێوە نەبوو. ئەنگوستیلەیەكی زەرد و سەعاتێكی زەردی دەكردە دەستی و، بەدەم دەنگە گڕەكەیەوە زوو زوو دەستیدەهێنا بە ورگیا. لەو جۆرە پیاوانەبوو ئێواران تالای لوتی فاسۆلیاو برنجی ئەخوارد و، شەوانیش سەیری ئەو زنجیرە تەلەزفیۆنیانە دەكات باسی خۆشەویستی دەكەن و، لەشوێنی خۆیەوە تف دەكاتە دەموچاوی ئەكتەرەكان و بەبێ ئابرو سەیریاندەكات!
پیاوە لەناوەراستی قەیسەرییەكە دوكانێكی وشكەی هەبوو. چەندینجار بەچاوی خۆم دیومە، كە دەچوو بۆ دوكان لەم دیوەوە دەرگای حەوشەكەی كلیل دەدا. منداڵێكی خنجیلانەشیان هەبوو، رۆژانی هەینی كە باوكی لەماڵ بوایە منداڵەكە دەهاتە كۆڵان و یاریی لەگەڵ منداڵان دەكرد. رۆژانی هەینی جەژنی منداڵە خنجیلانەكەیان بوو، هەندێكجار حەزم دەكرد گوپە خرپنەكانی ماچكەم، لەترسی باوكی نەمدەوێرا و دەترسام بیكات بە كێشەیە.
رۆژێك لە رۆژەكانی هەینی منداڵەكە بازنێكی دایكی بەدەستەوە دەبێت و، كاتی یاریكردن لە كۆڵان لێیوندەبێت. كتوپڕ گەنجێكیش لەوێوە تێدەپەڕێت و بازنەكە دەدۆزێتەوە و هەڵیدەگرێت. دوای چەند رۆژێك بۆ نەگبەتی ، كوڕە گەنجەكە لە چایخانەیەك دادەنیشێت بازنەكە لە گیرفانی دەردەهێنێت و پەنجەی شایەتومانی دەكات بەناو بازنەكەدا و رایدەوەشێنێت. لەوكاتەدا پیاوە لەوێ‌ دەبێت و بازنەی ژنەكەی دەناسێتەوە. كە دەبینێت بازنەی ژنەكەیەتی و بەدەست گەنجێكەوەیە، چاوی دەچێتە پشت سەری. بێیەك و دوو پەلاماری كوڕە دەدات و بە مشتەكۆڵە زلەكانییەوە سەروچاوی گەنجە دەشكێنێت. گەنجەكە شەڵاڵی خوێندەكات و تێشناگات بۆچی ئەم پیاوە پەلاماریداوە.
لەكاتی كوتینی كوڕەكەدا خەڵك دەكەوێتە بەینیان و رزگاری دەكەن لەژێر چنگی. ئەویش بازنەكە لە كوڕەكە دەسەنێت و بەرەو ماڵ دێت، ئیتر ناوەستێت تابزانێت چۆن ئەم بازنەیە گەیشتووەتە دەستی كوڕە.( هەركەسێك لەبری عەقڵی شانازی بە بەهێزی مشتەكۆڵەیەوە كرد، بۆناو دارستانەكان باشە.)
لەبەردەرگابووم خەریكی هەڵپاچینی مێوەكەبووم، بینیم بە دەموچاوێكی رەش هەڵگەڕاوەوە، بازنێكی بەدەستەوەیە و یەخەی كراسەكەی خوار بووەتەوە، كونەلوتی هاژەیدەهات لە هەناسەدان. بەتەنیشتما تێپەڕی و سەلامی نەكرد و دەرگای ماڵەكەی كردەوە و چوییە ژورەوە.
زۆری نەبرد دەنگی قیژە بەرزبووییەوە. دەنگی قیژەی ژنێك و شكانی شوشەكان تەزویدەهێنا بە گیانمدا. هەتا دەهات زیاتر قیژە دەهات، خۆم نەگرتوو بانگی ژنەی دراوسێمانمكرد بچێت بزانێت چییە؟ ژنەی دراوسێمان وتی:
تۆ نازانی كوڕم… هەندێك پیاو هەیە هەتا لێیان دورتربیت، ژیانت ئارامترە. ئەم دراوسێیەمان یەكێكە لەوانەی جگە لە سڵاوكردن نابێت هیچی دیكەی لەگەڵ بڵێیت. دەترسم بچم و خراپتربێت، ئەم پیاوە لەو رۆژەوەی هاتووەتە ئەم كۆڵانەوە، ماڵەكەی خۆی كردوە بە زیندانێك بۆ ژنەكەی، تەنانەت نایەوێت كەسمان تێكەڵبین، بچم چی بكەم؟!
گریانی منداڵەكە بەرزبووییەوە… ئارامم لێبڕابوو… دەنگی قیژەی ژنەكە نەما، زرم و كوتێك دەهات… زۆری نەبرد دەرگای حەوشەكە كرایەوە، پیاوە بە دەستی خوێناوییەوە هاتە دەرەوە و دەرگاكەی دانەخستوو بە پەلەپەل رۆیشت. راستی نەمتوانی یان نەموێرا بچمە ژورەوە دەترسام بگەڕێتەوە و توشمكات… تەلەفۆنم بۆ بنكەی پۆلیسەكەی گەڕەكی خۆمان كرد، دوای خەیلێك هاتن و لەگەڵیان چوومە ژورەوە.
منداڵەكە بەسەر دایكییەوە دەگریا. راسا لەناو خوێندا بە دەما كەوتبوو. خوێن دەموچاوی داپۆشیبوو، خوێن نەیهێشت روخساری ببینم. شوشەو كەلوپەلی ناو ماڵەكە بەسەر یەكدا شكابوو. هەمان بازن بەدەست منداڵەكەوە بوو. وەك بڵێیت منداڵەكە دەیەویست بە پۆلیسەكان بڵێت: دایكم هیچ گوناهێكی نییە، ئەم بازنە من لەكۆڵان ونمكردوە و دایكم لەسەر ئەم بازنە كوژراوە.
تازە درەنگ بوو، هەناسەی تیانەمابوو. بەجۆرێك كێشابووی بەسەریدا، لەشوێنی خۆی گیانی دەرچوو بوو.

                     نەبەز گۆران