كۆبوونەوەی تایبەت

كۆبوونەوەی تایبەت

بەردەم كۆشكە تازەكە جمەی دەهات. هەموو وەزیر و سەرۆك حیزبەكان بەریز وەستابوون. بەیانییەكی سەیربوو، زەردەخەنە بەلێویانەوە چۆڕەی دەهات، دوو دوو، لەتەنیشت یەكەوە سەریان دەخستە بناگوێی یەكتری و چرپەچرپیانبوو، وەك كچی شەرمن، دەستیان دەخستە سەردەمیان بۆئەوەی دەنگی پێكەنینەكەیان بەرزنەبێتەوە. پێدەچوو زۆر زوو لەخەو هەڵسابن، چونكە پوخت و پاك خۆیان شۆردبوو، تەوێڵیان بریسكەی دەهات. یەكی قاتێكی شین و كراسێكی سپی لەبەرەیان و بۆینباخێكی سوور لەملیاندا، كە پێكەوە سەیرت دەكردن، دەتووت خوێندكاری یەك خوێندنگەن و بەیانی دایكیان گۆڕیونی. بەڕۆن قژیان چەوركردبوو، كە خۆری بەیانی لەسەر لا ئەیدا لە قژە چەورەكەیان بریسكەی دەهات.

لەوسەری ریزەكە، سەرۆك خۆی وەستابوو. جارناجارێك سەرێكی لاردەكردەوە و سەیرێكی ریزەكەی دەكرد، هەندێكجاریش بە غرورێكەوە تەماشایەكی ئێمەی رۆژنامەنووسانی دەكرد و بزەیەكی بۆ دەكردین. پێدەچوو زۆر بە كەیفبێت، چونكە پێشوتر هیچ تاقەتی نەبوو بزەو شت بۆ ئێمە بكات، دیاربوو زۆر گرنگبوو بەلایەوە نوێنەری وەزارەتی بەرگری ئەمریكاییەكان سەردانی دەكەن. ئەمەی بەهەلدەزانی تا لەم رێگەیەوە هەم خۆی بخاتە ناو مەسەلە گەورەكانەوە، هەم لەناوخۆشدا وێنەیەكی بەهەیبەتی خۆی پیشانبدات.

هەر ئێوارەكەی لەلایەن نووسینگەی سەرۆكەوە ئاگاداركرابووین، دەبێت بۆ پێش خۆرهەڵاتن بەخۆمان و كامێراو كەلوپەلەكانمانەوە لەبەردەم كۆشك ئامادەبین، میوانەكان زۆر تایبەتن و كۆبوونەوەیەكی تایبەتی گەورە روودەدات، رەنگە چارەنووسی میللەتی پێوە گرێدرابێت. ئێمەش رۆژنامەنووسبووین، وەك مشكی ناو خەرمان، خواخوامانبوو شتێكی وا هەبێت، هەم هەواڵمان دەستدەكەوت، هەم لەنیوەی كۆبوونەوەكەدا وەك نەریتێك نانێكی باشیشماندەخوارد. پێت سەیرنەبێت ئەوەی دەبێت بە رۆژنامەنووس دوای ماوەیەك گوپی خڕدەبێت و لاملی دەئاوسێت و ورگی دەردەپەڕێت، بەشێكی زۆری ئەو گەزوبەزەی بەلاشەی ئەو رۆژنامەنووسانەوەیە، هی ئەوخوانە بەلاشانەیە لەكۆبوونەوەكاندا دەستی دەكەوێت.

هەمووان دڵخۆشبوون. سەرۆك لەهەموویان دڵخۆشتر، بەخۆی و دەستە خرپنەكانییەوە، ریزەكەی جێدەهێشت و دوو هەنگاو بەسەر فەرشە سوورەكەدا دەهاتە پێشەوە و، پاشان دەگەڕایەوە ناو ریزەكە. بەمجۆرە دڵخۆشییەكەی خۆی دەردەبڕیی و ئەو هەموو كامێرە و رۆژنامەنووسەشی دەبینی زیاتر خۆی گیڤ دەكردەوە. لەم ساتانەدا سەرنجی ئەوم دەدا، دەنگی ئۆتۆمبێل هات. لە نزیك كۆشكەوە ریزێك ئۆتۆمبێل بەخۆیان و چەند ماتۆڕێك، كە ئەمدیوئەودیویانگرتبوون دەركەوتن. ریزەكە نقەیان لەخۆیان بڕی. كامێراكان وەرسوڕان بۆشوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەكان. بازنەیەكی بچوك لەبەردەم قادرمەكاندا شوێنی وەستانی ئەو ئۆتۆمبێلە بوو سەرۆكی شاندەكەی تێدا دابەزی.

پیاوێكی چاكەتوپانتۆڵ لەبەر دابەزی. قژێكی زەرد و لوتێكی قنج. لەگەڵ دابەزینی دوگمەی چاكەتەكەی داخست و بەرەو رووی سەرۆك هات. ئەویش بەخۆشییەوە بەرەو رووی چوو، دەستی گوشی. پاشان شاندەكەی هاوڕێی یەك بەدوای یەك دابەزین و دەستكرا بە تەوقەكردن و یەكتر ناسین. ئێمە بەردەوام بە كامێرەكانمانەوە خەریكی وێنەگرتنبووین. یەك ساتی وێنەگرتنمان نەبوو زەردەخەنەو پێكەنین لەسەر روخساری سەرۆك و وەزیر و بەرپرسی حیزبەكان دەرنەكەوێت، زۆر حەزیان دەكرد بە روو خۆشییەوە دەركەون، تا دەریخەن میللەت هەمووی وەك ئەوان حاڵی باشە.

هەرچۆنبێك بوو پێكەوە چوونە ژورەوە. هۆڵێكی گەورە بەچەندین پایە نەخشێنرابوو، پاشان لەدەستە چەپی هۆڵەكەدا دەروازەیەك كرابوویەوە، بەدوای یەكدا خۆیانكرد بەو دەرەوازەیەدا بەرەو شوێنی كۆبوونەوەكە. بۆساتێك تا ئەوكۆبوونەوە گرنگە پیشانی میللەتەكەمان بدەین رێگایان پێیداین بچینە ژوورەوە وێنە بگرین. دەستمانكرد بە وێنەگرتن، چەندین سەبەتەی پڕ لەمیووە لەسەر مێزەكانبوون، دیوای نەخشێنراو، كورسی و مێزی بەداردروستكراو، گڵۆپی زەردی كز تا چاو ئازارنەدات سەرنجی كامێراكانی رادەكێشا. شاندەكەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، قاچیان خستبوویە سەرقاچ، ئەوانەی خۆشمان وەك منداڵی عاقڵ دەستیان خستبوویە بەینی رانەكانیان و لەبەرامبەریان دانیشتبوون. پاش وێنەگرتنەكە ئێمەیان كردە دەرەوە.

لەبەردەم هۆڵەكەدا سەكۆیەك دانرا و مایكی میدیاكانی لەسەر دانرا. كامێراكانیش لەبەرامبەر مایكەكان رێكخران، تا هەركات كۆبوونەوە تایبەت و چارەنووسسازەكە تەواوبوو، بێن پێكەوە قسە بۆ خەڵك بكەن. بێ‌ ئەوەی هیچ رووبدات، لە شاشەكان و ماڵپەری رۆژنامەكاندا بووبوو بەحەشر، هەریەكە و لێكادانەوەیەكی قوڵی سیاسیی بۆ كۆبوونەوەكە دەكرد، چاودێرە سیاسییەكان بەجۆرێك باسی كۆبوونەوەكەیان دەكرد لە شوێنی خۆمەوە موچركە بەگیانما دەهات! خەڵكێكی زۆر چاوەڕوانبوون تا ئەنجامەكەی بزانن. ماوەیەكی زۆر چاوەڕێمانكرد، پاش نانخواردنی نیوەرۆ، كە نانێكی زۆر چەوربوو ئەو لەشكرە رۆژنامەنووسەی تێركرد، ئاگاداركراینەوە كۆبوونەوە تەواو بووە و ئامادەبن بۆ كانفرانسی رۆژنامەنووسی.

دەرگاكە كرایەوە. سەرۆك بە دەموچاوێكی سوور هەڵگەڕاوە لە پێش هەموویانەوە هاتە دەر، كە چاوی بەو هەموو كامێرە و مایكە كەوت زیاتر شڵەژا. تازە كار لەكار ترازابوو. راستەوخۆ دیمەنەكان دەگوازرانەوە، چەند چرپەچرپێكی لەگەڵ ئەوانەی دەوروبەری خۆی كرد و بە نائارامییەوە هاتە بەردەم مایكەكان. سەرۆكی شاندەكەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش بەخۆبادانێكەوە لەتەنیشتی وەستا. كەمێك بێدەنگی…. پاشان یەكێك هاتە نێوانیان تا قسەكانیان وەربگێڕێت. سەرۆك كۆكەیەكی بۆكرد و بەنابەدڵییەوە كەوتە قسە… قسەی سەیرسەیر… كۆبوونەوەكە چارەنووسسازبوو، گرنگ بوو، خۆشحاڵبووین بە ئاشنابوونی ئەم بەرێزانە… هیوادارین لەرێگەی ئەمانەوە خەڵكی باڵادەسترت بناسین… ئیتر ئەم هەڵیت و پەڵیتە… دەستی پێكرد تاگەیشتە ئەوەی وتی: بەڵێنیان پێداوین هەمیشە پشتوپەنامان بن!

كە قسەكانی كران بەزمانی ئینگلیزی، كابرای تەنیشتی كە سەرۆكی شاندبوو، بە زەردەخەنەیەكەوە تەماشای كرد. وەك بڵێیت شتەكە وانەبووە. كەمێك وەستاو زۆر بێمنەتانە دەستیكرد بە قسەكردن. زمانی خۆی خواردەكردەوە و وشەكانی بەقورسی دەردەبڕی، تا زیاتر بیسەلمێنێت ئینگلیزێكی رەسەنە. بەرێزان… راستی دەبێت بزانن ئێمە بۆ ئەركێكی تایبەت هاتووین، سوپاسی ئەم بەرێزانە دەكەین میواندارییەكی باشیانكردین و ئێمە دەزانین ئێوە میللەتێكن حەزتان لە میواندارییە. بەڵام لەراستیدا ئەركی ئێمە لەم سەردانەدا ئەوەبوو، دوو مارێنزمان لەنزیك سنوورەكانی ئێوە و هێزە تیرۆریستەكاندا برینداربوون، خۆشبەختانە هەردووكیان بە برینداری گەڕینراونەتەوە بۆ شوێنی بێ‌ مەترسی، بەڵام ئەم دوو مارێنزە دوو سەگی تایبەتیان پێبووە و سەگەكان ونبوون، ئێستا ئیشی ئەم شاندەی ئێمە ئەوەیە بەهاوكاری هێزەكانی ئێوە بگەڕێین ئەو دوو سەگە بدۆزینەوە و بیانگەڕێنینەوە بۆ نیشتیمانی خۆیان.

كۆنفرانسەكە بوو بە پێكەنین. هەندێك لەو رۆژنامەنووسانەی لە شاشەكاندا وەك لێبراڵ خۆیان دەردەخست، بەدەنگی بەرز پێدەكەنین. پێكەنینەكەیان سەرۆكی نیگەران كرد، مۆڕەی دەكرد و حەزیدەكرد یەكی چەپۆكێك بكێشێت بەسەریاندا، بەڵام سەرۆكی ئاشندە ئەوروپییەكە هیچ خۆی تێنەگەیاند. بەخوێندساردییەوە وتی: هەقی خۆتانە، چونكە ئەشێت لای ئێوە تەنها مرۆڤەكان بە خەڵكی نیشتیمان بزانن و گیانەوەرەكانی بەخەڵكی نیشتیمان نەزانن. بۆ ئێمە جیاوازە، بۆیە بەرێزان ..دەستێكی راكێشا بۆ سەرۆك…بەڵێنیانداوە هاوكارییەكی باشمان بكەن بۆ دۆزینەوەی ئەو سەگانە و گەڕانەوەیان. زۆر سوپاس.

كۆبوونەوەكە كۆتایی هات… هەموومان لەشوێنی خۆمان حەپەساین، ناچار دەستمانكرد بە قسەكردن لەسەر هوشیاری پاراستنی گیانەوەرەكان و خۆشویستنیان. كردمان بەهەڵایەك خەڵك لە شوێنی خۆیەوە بڕیاربدات، مرۆڤە یان مرۆڤ نییە، ئەگەر مرۆڤە دەبێت گیاندارەكانی خۆشبووێت و هەستبكات وەكخۆی خەڵكی نیشتیمانەكەین و مافی ژیان و ئازادییان هەیە، گەرمرۆڤیش نییە رقی لە گیاندارەكانە، هەرچۆن ئەمریكاییەكان بۆ دوو سەگی وڵاتی خۆیان شاند دەنێرن، بۆ ئێمەش شەڕ، دەبێت ئێمەش وابین…

دوای چوار رۆژ لە كۆبوونەوە تایبەتە چارەنووسسازەكە، لە رۆژنامە بەناوبانگەكانی ئەمریكا بڵاوكرایەوە: ”  شاندێك بەناوی وەزارەتی بەرگرییەوە رۆشتونەتە عێراق، بەڵام شاندەكە سەر بە وەزارەتی بەرگری نەبوون، شانێكی بازرگانی نەوت بوون، گومانیان هەبووە لەناوچەیەكی سەرسنووری نێوان عێراق و كوردەكان كۆمەڵێك بیرەنەوت هەیە. پاش ئەوەی لەگەڵ كوردەكان كۆدەبنەوە، بڕیاری هاوكاریكردنیان دەدەن. كە دەچنە ناوچە سنوورییەكە و بەشێوەیەكی نهێنی دەست دەكەن بە پشكنین، بۆیان دەردەكەوێت بێگومان چەندین بیرە نەوتی گەورەی تێدایە. بۆیە دوای كەشفكردنی ئەو بیرە نەوتانە ئێستا ئەو شاندە خەڵاتكراون و كۆمپانیاكانیان سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق تا گرێبەستیان لەگەڵ بكەن لەو ناوچەیەدا دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بكەن.”

                                                                                                  نەبەز گۆران

_تابلۆ: ڤان كوخ