یۆتۆپیا

یۆتۆپیا

ئەم چیرۆكە كۆتایی دێت

رۆژێك دێت ئەم چیرۆكە كۆتایی دێت

حەزناكەم وابنووسم، بەڵام دەنووسم:

من لە رێگایەكەوە هاتم، گوڵ بە پەتی سێدارەوە نازی بە هەڵوەرینی جوانییەكەوە دەكرد

كۆتر قەفەس بوو بە ژیانی، كاتێك زانی شەقەی قامچی ناهێڵێت كەس گوێ‌ لە شەقەی باڵی ئەوبگرێت

زۆرم ژماردن ئەو پەپولانەی لەناو حەوشی زانكۆوە فڕین، تا لە دەوری چرایەكی كزی دیوەخان خۆیان ببینەوە

بیرم ناچنەوە ئازارەكان

بیرم ناچنەوە دەست و دڵە قڵیشاوەكان

بیرم ناچنەوە ئەو برینانەی لە نەخشەی نیشتیمان ئەچن

حەزناكەم وابنووسم

بەڵام من شاهیدی ئەم رۆژگارەم.

_ _

ئەم چیرۆكە كۆتایی دێت

رۆژێك دێت ئەم چیرۆكە كۆتایی دێت

حەزناكەم وا بڵێم، بەڵام دەڵێم:

شاهیدی هەموو ئەو خوێنانەم هیچ رۆژگارێك بەسەر تەوێڵی نیشتیمانەوە نایانسڕێتەوە

من شاهیدم….

_ئەبوبەكر عەلی_تان كوشت

تا پاركەكان پڕكەن لە پەیكەری شاعیران

_سۆرانی مامە حەمە_تان كوشت

تا لە رۆژنامەكاندا شیوەن بۆ ئازادی خەڵك بكەن

_ سەردەشت عوسمان_تان كوشت

تا خەیاڵی خوێندكارەكان، بگۆڕن بۆ خەیاڵی زیندانییەك

من شاهیدم…

_ كاوە گەرمیانی_تان كوشت

تا زیاتر هەست بەگەرمایی دەستی بكوژەكانی بكەن لە ناو دەستاندا

ئەمەی دەیڵێم گۆرانی نییە

ئەمەی دەینووسم: كێشانی وێنەی رۆژگارێكی تاریكە 

ئێوە دەتوانن بەناو باخچەی شارەكاندا بگەڕێن، تا شوێنی دەستە خوێناوییەكانتان بیرچێتەوە

ئێوە دەتوانن لە رێستورانتەكاندا قاچ لەسەر قاچ دانیشن، خەڵات پێشكەش بەوانە بكەن

 لێویان ئاوساندوە بۆ مژینی دونیا

من شاهیدم…

_ ویداد_تان كوشت

بۆئەوەی كتێبی شاعیرەكان چاپ بكەنەوە!

بۆ ئەوەی كەرنەڤاڵەكان گەرم بكەن و

ئەم سەردەمە بە سمتی خڕەوە خۆی لەبەردەمتاندا بابدات

ئەمەی دەیڵێم گۆرانی نییە

ئەمەی دەینووسم: كێشانی وێنەی رۆژگارێكی تاریكە

ئێوە دەتوانن ژیانی هەموومان وەك تەوقەسەری مێژووەكەتان بڕوتێننەوە

ئێوە دەتوانن وانەی یەكەمی مامۆستایان لەسەر شەقامەكان، بەشەقی زێرەڤانییەك دەست پێبكەن

ئێوە دەتوانن هەموو شەوێك وەك نمایشكارێك بە قاتێكی نوێوە دەركەون

تا دڵی سادەی هەژارەكان جارێكی تر بشكێت

ئەمەی دەیڵێم  هەرگیز نابێتە گۆرانی

ئەمەی دەینووسم: كێشانی وێنەی رۆژگارێكی تاریكە

ئێوە یۆتۆپیایەكی شاعیرانەتان دروستكرد

تا لە كۆڕێكی شیعرییدا لە پێشی پێشەوە دانیشن و

خۆتان بەو لیكەدا هەڵواسن لە دەمی شیعرێكی  مێینەوە دەڕژێتە باوەشتان.

_ _

ئەم چیرۆكە كۆتایی دێت

رۆژێك دێت ئەم چیرۆكە كۆتایی دێت

حەزناكەم وابنووسم: بەڵام دەنووسم:

من شاهیدی ئەم رۆژگارەم

شالیارەكانتان لەهەر لایەكەوە تەماشایان بكەیت لە گۆچان ئەچن

پەرلەمانتارەكانتان باشترین توتییەكانی ناو ئەم دارستانەن با گۆرانیتان بۆ بڵێن

دادوەرەكانتان، بەخۆیان و عاباكەی سەرشانیانەوە ئەشكەوتەكەیان ئاوەدانكردوەتەوە

من ئەزانم ئەم چیرۆكە كۆتایی دێت

ئەمەی دەیڵێم گۆرانی نییە

ئەمەی دەینووسم: كێشانی وێنەی رۆژگارێكی تاریكە.

                         نەبەز گۆران