ئەمڕۆ

ئەمڕۆ

                     ئەمڕۆ 

سبەی رۆژێكی ترە
سبەی لە ئەمڕۆ ناچێت، سبەی‌ نادیارە بەوێنەی مەرگ
بەرلەوەی درەنگبێت، دەبێت شتێك بكەم
ئەمڕۆ پێش خۆر هەڵهاتن
بەدایكم ئەڵێم : بە هەتاو نا، بە تۆ ئەم ماڵە روناك دەبێتەوە
تەماشایەكی پێكەنینەكانی سەر روخساری باوكم دەكەم و
پێی ئەڵێم: دەنگی تۆ ئاوەدانی ئەم دڵەی منە
سبەی رۆژێكی ترە
سبەی لە ئەمڕۆ ناچێت، سبەی لە مەرگ ئەچێت نا دیارە
هەر ئێستا بە خوشكەكانم ئەڵێم:
من كە ئێوەم هەبێت ئیتر بۆ لەم حەوشی دونیایەدا بۆ گوڵ بگەڕێم؟!
بیرم نەچێت
لایەك بۆ براكانم بكەمەوە و پێیانبڵێم‌:
لە دڵی ئێوەوە نەسیمی بای ژیان بۆمن دێت.
_ _
ئەزانم دوری لەم سەردەمە روناكم ئەكاتەوە
بەڵام لەوانەیە دوری لە یاران لە بیرم بباتەوە
بەرلەوەی مردن هەواڵم بپرسێت
لەدەرگای دڵی هاورێكان دەدەم و بە زەردەخەنەوە پێیان دەڵێم:
بمبوررن وەك كۆتر غەمیگنم بەم رۆژگارە
لەوانەیە ئەم دورییە وام لێبكات، وەك گۆرانییەكی تازە زوو لەبیربچمەوە
بمبورن گەر درەنگ كەوتبم بۆ بارین بەسەر كێڵگەی ئێوەدا
بمبورن هێندە سەیری بێڕەنگی خۆمم كرد رەنگەكانی ترم بۆ جیاناكرێنەوە
هاتووم كەمێك بۆنی نزیكی ئێوە بكەم، تا هەست بەبوونی دونیا بكەم
پێش ئەوەی ئەمڕۆ بڕوات
پێش ئەوەی دوابكەوم
دەبێت بەجۆرێك دەستی دراوسێكەم بگوشم،
گەرمی دڵی ئەو، فەرشی روخساری من پڕكات لە گوڵی زەردەخەنە.
_ _
با دوانەكەوم
لەوانەیە سبەی نەیەت، لەوانەیە سبەی بەبێ‌ من بێت
پەنجەرەی ژورەكەم دە كەمەوە و بەكامی دڵ تەماشای ژیان دەكەم
مشتێك خۆڵ هەڵدەگرمەوە و بۆنی دەكەم، تا دڵی نیشتیمان خۆشبێت
نامەیەك بۆ دۆستێك دەنووسم و پێیدەڵێم‌:
(وەرە دوری بكەینە بیانوێك بۆ بچوككردنەوەی دونیا لە دڵدا.)
دەچمە بەردەم ئاوێنەكە
سەیری هەموو ئەو برینانە دەكەم، دەمبەستنەوە بە جوانییەكانی ژیانەوە
دەبێ‌ پەلە بكەم نەبا دوابكەوم، لەوانەیە سبەی بەبێ‌ من بێت
بەرلەوەی لێرە بڕۆم
هیچ نەبێت دەبێت بنووسم:
بەجۆرێك خەریكی ئاوەدانكردنەوەی ئاگردانەكەمم
هەركات مردم، گۆڕەكەم ببێت بە چرایەك بۆ روناككردنەوەی دونیا.

                                نەبەز گۆران

_تابلۆ: رۆستەم ئاغەلە