بە بێدەنگی

بە بێدەنگی

   بە بێدەنگی 

لە دورەوە شوێنێكی پیرۆز دیارە
با بەرەو رووی بڕۆین و بە گۆرانییەك خەوی قافڵەكە راچڵەكێنین
ئەو رێگایەی پێیدا هاتین لەبیریكە، سەیركە چ گوڵخانەیەك لەبەردەماندایە
لە دورەوە دوكەڵكێشێك دیارە
با بەرەو رووی بڕۆین و ئەو غوبارە بڕەوێنینەوە مرۆڤ وندەكات
دەست لەو بەلەمە شكاوە هەڵگرە، سەیركە چ دەریایەك لەبەردەماندایە
لەبیری ناكەم…
من خەڵكی ئەم ئەستێرەیەم
میوان نیم لێرە، سەرزەمین ماڵی منە، بوونی منە
خۆم سەرقاڵناكەم بە باخچەكانی تۆوە
دەزانم بە ئاگا هێنانی خۆم سەخترە لە بردنی تۆ بۆ دارستانێك
لەهەر شوێنێ‌ دەنگی پیرۆزییەكان گەورەتربوو لە بێدەنگی گۆشەگیرەكان، لەوێ‌ گۆرانی دەڵێم
كە تاریكی هەڵیكرد
بۆ روناككردنەوەی ژیانم،
نەبۆ چرا دەگەڕێم، نەبۆ مانگ، برینەكەی ناو دڵی خۆم دادەگیرسێنم
كە تەنیایی لە دەرگاكەی دام
بۆ ئاوەدانكردنەوەی ژیانم،
نە بۆ دۆستێك دەگەڕێم، نە بۆ ئاشنایەك، گوێ‌ لە ئاوازەكەی ناو دڵی خۆم دەگرم.
_ _
دەنگی شیوەن دەبیستم…
با بەرەو رووی بڕۆین و ژیانیان پیشاندەین، تا فرمێسكیان بیرچێتەوە
دەنگی منارەكان دێت…
بەرلەوەی ببیت بە خشتێكی ناو دیوارە كۆنەكان، قوڵنگەكەت بگرە بە دەستەوە
ئەم ئەستێرەیە كاتێك هی تۆیە
چرای رابردوو كزكەی، بۆئەوەی سبەینێكی روناكتر ببینی
خۆم خەریك ناكەم بە بە باخچەكانی تۆوە
نەكا دارستانەكەی سینەم خاڵی بێتەوە لە شەقەی باڵی خەونەكان
هەركاتێك خۆشەویستی ونبوو
بۆ دەستپێكردنەوە، ئاگری وەفا داناگیرسێنم، باس لەوەرینی گەڵای دوری ناكەم
جارێكی تر بە ئاوازێكی نوێ‌ خۆم هەڵدەچنمەوە
هەركاتێك نائومێدی دەستی پێكرد
بۆ دۆزینەوەی ئایندە، بانگی ئومێدی پوچ ناكەم، لەدەرگای خۆشبەختییەكان نادەم
بە تیشكی تەنیایی ژیانم روناك دەكەمەوە.
(تەنیایی سەدەفێكە، بەرد ئەكا بە گەوهەر.)
_ _
نابێت بوەستین…
زەویی كاتی نییە بۆ پشودان،
وەرزێكی نوێ‌ یانی خەونێكی نوێ‌، یانی فڕینێكی نوێ‌
ئاگرەكەی رابردووت بكوژێنەوە
خۆت داگیرسێنە، با لەبری ژورەكەت گۆڕەكەی ژیانت گەرم بێتەوە
سەیركە… ئەو دەوارە پڕە لە ئارەزوو
سەیركە… ئەو دەوارە پڕە لە خۆنوێن
با دوربین لێیانەوە، دوری لەمانە، یانی هێشتا مرۆڤ بەهایەكی ماوە
دەبێت تاقانەبین، تەنها تاقانەكان دەتوانن ئاژاوەیەك بخەنە دڵی مەستێكەوە
بیرتە؟… بیرتە؟…
كاتێك لە ئەشكەوتە تاریكەكەی مێژووەوە هاتینە دەرەوە هەموو گیانمان برین بوو
بیرتە ئەوەی لێمان دەچۆڕا خوێن بوو، ئەوەی رەنگی دەكردین ترس بوو
ئەمجارە دەبێت تاقانەبین
تاقانە وەك خاڵێك لەوسەری رستەوە
تاقانە وەك هەتاو، لە خەیاڵی شەودا
تاقانە وەك راخستنی سفرەیەك لەماڵی كەسێكی تەنیادا
دەبێت تاقانەبین تابتوانین لە ساتی خنكانا سەیری فڕینی باڵندەیەك بكەین
لە كاتی ئێواراندا، گۆڕ بۆ یادەوەری هەڵكەنین
دەبێ تاقانەبین
بە تاقانەیی، بە بێدەنگی
نیشتیمان بكەین بەگۆڕستانێك، هەست و زەلیلی تیا بنێژین.

                             نەبەز گۆران