داهۆڵ

داهۆڵ

كێڵگەكەی كەوتبوویە سەر رێگاكەی من. كە بەتەنیشت مەرەزەكەیدا تێپەڕیم، كەسكی ئەكردەوە. خەریك بوو دەمە دەمی پێگەیشتنی هاتبوو. كاتێك -با- لەوسەرەوە دەهات، بەدەم -با-كەوە پەڵەی مەرەزەكە شنەشنێكی ئەكرد و خۆی ئەدا بەم دیو بەو دیوا چاوی پڕ ئەكرد لە تەماشا. خورەی ئاوەكە بەناو گۆلەكاندا و جریوەی چۆلەكەكانی دەوری، ناچاری دەكردم هەمیشە تاوێك لە جێگای خۆم بووەستم تەماشای بكەم. جوانی دیمەنەكە هێندە سەرنج راكێشبوو، دوای چەنجارێك تێپەڕین بەلایدا ئینجا هەستم بەشتێك كرد.
لە چواردەوریی مەرەزەكە، كۆمەڵێك داهۆڵی لە شێوەی كەروێشك دروستكردبوو تا چۆلەكەكان بترسێنێت و دەست لە خواردنی بەرهەمەكەی هەڵگرن، كەچی لەخۆشی ئەو داهۆڵانەی لە شێوەی كەروێشك بوون پۆلی چۆلەكەكان لەو ناوە شەپۆلی دەدا. خۆشی لەناوەراستی مەرەزەكەدا پارچە پەرۆیكی پێچابوو لەسەری و بەتەنەكەیەكەوە خەریكی دەركردنی چۆلەكەكان بوو.
رۆژی دوایی هاتمەوە تەماشا دەكەم، داهۆڵەكانی گۆڕیووە، لە كەروێشكەوە كردوونی بە شێوەی بەراز! بەرازەكان لە لوتێكی درێژ و لاشەیەكی خرپنی بۆدروستكردبوون، بەسەر لاشە خرپنەكانیانە چۆلەكە ریزیان بەستبوو. هیچم نەوتوو تێپەڕیم. تومەز شەوەكەی چەقەڵەكانی ئەو دۆڵە بەخۆشی شێوەی بەرازەكانەوە، وایانزانیبوو راستین دابوویان بەسەر مەرەزەكەدا نیوەیان شێلابوو.
بۆ ڕۆژی سێهەم كە هاتم بینیم، نیوەی مەرەزەكەی نووسابوو بە گۆلەكانەوە، خۆشی لە گۆشەیەكەوە دۆش دامابوو سەیری ئەكرد. بەزەیم پێداهاتەوە، لە دورەوە بانگم كرد بێتەلامەوە، بە خەمگینیەوە هێواش هێواش هات.
-سڵاو مامە؟
-سڵاو كوڕم

  • چی بووە؟
  • جا چی نەبووە، بەدبەخت بووم بەدەست چۆلەكە و چەقەڵەوە. ئەم دۆڵە پڕە لە چەقەڵ، هەر ئەوەنە دایان بەسەر كێڵگەیەكدا تاروماری ئەكەن، نابینی چیانكردوە؟ با چۆلەكەش بوەستێت.
  • دەبینم… دەبینم… ئەما خەتای ئەوان نییە، ئەوە خۆتی بانگیان دەكەیت!
    -ئەوە تۆ چی دەڵێت كوڕە؟! خەتای منی چی، رۆژ ئەكاتەوە تا ئێوارە من بە تەنەكەیەكەوە خەریكی دەركردنی چۆلەكەم، شەوانیش تا درەنگێك نانووم، نازانم ئەو چەقڵە گەڕوگولانە چۆن فرسەتیان هێناوە، سەیركە نیوەی مەرەزەكیان شێلاوە، وابروا رەنجی ئەمساڵم بە بادەچێت.
    -دەزانم مامە دەزانم، بەڵام نازانم بۆچی تۆ هێشتا پێت وایە دەبێت داهۆڵەكان بەو شێوە دروستكەیت؟ داهۆڵ دەبێت لەشێوەی مرۆڤ بێت!
  • بۆچی لە شێوەی مرۆڤ بێت؟
  • بۆئەوەی هیچ گیانەوەرێك لەم سەرزەمینە نییە لە مرۆڤ ترسناكتر و، هیچ گیانەورێكیش نییە لە مرۆڤ نەترسێت. ئەی نابینی مرۆڤ هەر لەسەرەتاوە هەستی بەوەكردەوە چەند ترسناكە، بۆیە داهۆڵی كێڵگەكانیشی لە شێوەی خۆی دروستكردوە.
    -یانی ئاوا؟! دە كەوایە فەرموو وەرە با تاقی بكەینەوە.
    -بەچاوان…
    دەستمانكرد بە دورستكردنی چەند داهۆڵێك لە شێوەی مرۆڤ، هێشتا دووهەم داهۆڵمان بە تەواوەتی دانەنابوو وردە ورەدە چۆلەكەكان كێڵگەكەیان بەجێدەهێشت، هەتا لێبووینەوە تەواوی كێڵگەكە كش و مات بوو. كە جوتیارەكە بینی ئەوەی وتم راستبوو، سەیرێكی كردم و وتی: هەرگیز نەمزانییوە مرۆڤ ئەوەندە ترسناكبێت!
    راستیدەكرد، نەیزانیبوو، چونكە خۆی یەكێك بوو لەو مرۆڤانەی پێیوابوو ئەوانی تریش لەخۆی دەچن، نەیزانیبوو گیاندارەكانی سەر زەوی جیاكاری ناكەن لەنێوان مرۆڤێك و مرۆڤێكی دیكە و هەموویان بەترسناك دەزانن. ئاخر گیاندارەكان وەك ئێمە نین بێن لەنزیكەوە مرۆڤەكان ئەزمون بكەن، تابزانن كامیان باشە و كامیان خراپ، پێش ئەوەی نزیك بكەونەوە لای خۆیانەوە وادادەنێن كە هەموویان ترسناكن، بۆیە باشترە لایان ئەوانەیان ترسناك نین دەردەكەون كەوانین، ئەوانەشیان ترسناكن ئیدی پێویست بەوە ناكات نزیكبیتەوە تا ترسناكیەكەیان هەست پێبكەیت. هەرلەدورەوە بریار دەدەن ترسناكن.
    من بۆخۆم لە منداڵیەوە بە داهۆڵی ناو كێڵگەكاندا زانیم، ئەوەی پێویستە لێی بترسیت مرۆڤە. ئەو كەسەشی یەكەمجار داهۆڵی دروستكرد كەسێكی ژیربووە، زانیویەتی لەم سەرزەویە گیان لەبەرێك نادۆزیتەوە لەمرۆڤ ترسناكتر. نەبەز گۆران