كوڕە ونبووەكە

كوڕە ونبووەكە

شەوێكی ساماڵ بوو. هەموو خەڵكی شارەكە لەسەر بان، سەیری ئەو ڕیزە روناكیانەیاندەكرد لە كێوەكەوە بە شوێن یەكدا دەهاتنە خوار. ژنەی دراوسێمان دەیووت: ئەو چرا بە دەستانە بۆئەوە دێن، شارە تاریكەكەمان روناك بكەنەوە!
بە خەیاڵی گەیشتنی چرا بە دەستەكان خەوم لێكەوت. سبەی گەرمای هەتاوەكە تینی بۆ هێنام و لەخەو هەڵیساندم. دەمەو نیوەرۆ لەگەڵ هاورێكانم چووین بۆ ناو بازار. بازاری شارەكە یەك راستە ڕێ‌ بوو. لەمسەرەوە دەستی پێدەكرد و لەو سەرەوە بە كۆتا دەهات. خەڵكێكی زۆر لە پیرو جوان، لەمبەر و ئەو بەری رێگاكەوە تۆپەڵ تۆپەڵ، وەستابوون. هەندێك چەك بەدەستی چڵكنیش بە خۆیان و ریشە زۆرەكەیانەوە، منداڵەكان دەورەیاندابوون. یەكی پەرۆیەكی كۆن بە دەستیانەوە بوو منداڵەكانیان فێردەكرد، ئەگەر فرۆكەكان هاتن، پەڕۆكە تەڕ بكەن و خەڵوز ورد بكەن و لەگەڵ پەڕۆ تەڕەكەدا بیخەنە سەردەمتان، ئیتر مردن پێتان ناوێرێت.
هێشتا نانی نیوەرۆمان نەخواردبوو، كتوپڕ یەك دەنگی گەورە دڵی هەموومانی راچڵەكاند. لەگەڵ دەنگەكەدا هەریەكەو خۆیكرد بە ژێرزەمینی ماڵەكەی خۆیاندا. هەرچۆن پۆلێك چۆلەكە بەردەدەیت و لە ئاسماندا بڵاو دەبنەوە، ئاوا ئاسمانی شارەكە پڕبوو لە فڕۆكە. لەتەك هەر نزیك بوونەوەیان لە شارەكە، دەنگێكی گەورەیان لە دوای خۆیان جێدەهێشت و كۆمەڵێك پەنجەرە بەسەر یەكدا دەشكان و دەرگاكان لە ترساندا خۆیان نەدەگرت و خۆیان ئەكێشا بە یەكتریدا.
هەتا دەمەوت ئێوارە، فرۆكەكان بە ئاسمانی شارەكەوە یارییانكرد و مردنیان فرێدایە خوارەوە. دوای تاریكردن، ژنی دراوسێكەمان وتی: من لە كتێبە كۆنەكان خوێندومەتەوە، فرۆكەكان شەوكوێرن و شەوان هیچ نابینن. تا رۆژ نەبووەتەوە با لەم شارە كاولە دوربكەوینەوە. من حەزناكەم ئەم شارە ببێتە گۆڕستانمان.
هەموومان بە قسەمانكرد و كەوتینە ڕێ‌. هێشتا بە تەواوەتی شارەكەمان جێنەهێشتبوو، فرۆكەیەك بەو تاریكە خۆی لە رێگاكە نزیككردەوە و بەیەك بۆمب، قافڵەی رۆیشتنەكەی بەسەر یەكدا تێكدا. لە كەنار رێگاكە خۆم خستە ناو جۆگەیەك ئاوەوە. كە هەڵسامەوە هەرچەند گەرام ماڵی خۆمان و ژنەی دراوسێمانم نەبینییەوە. بە ترسەوە كەوتمە شوێن پۆلێك خەڵك كە بەرەو شارەكە دەگەڕانەوە. گەڕامەوە ناو شارەكە. سەرم هێندە ئازاری هەبوو، وەك تاشەبەردێكی قورسبوو بەسەر شانمەوە. لەگەڵ گەڕانەوەم چوومە ژێرزەمینێك و خەوم لێكەوت. بریا هەڵنەسامایەتەوە.
بەیانی بە دەنگی دوو چەك بەدەست بە ئاگا هاتم. یەكێكیان جلێكی كوردیی لەبەردابوو، ئەویتریان جلێكی سەوزی كاڵ و دەبەیەك ئاو بە لاقەدییەوە. جل سەوزەكە كاتێ‌ قسەی دەكرد نە دەمزانی چیدەڵێت و نە لەوەش تێدەگەیشتم بۆچی پەلی من دەگرن و لەگەڵ خۆیان دەمبەن. بەناو بازارەكەدا تێپەڕین، دەڕابەی دوكانەكان لەحەشمەت بۆمبەكان خۆیان لولكردبوو. زۆربەی ماڵەكان بەدەما كەوتبوون. رومكردە ئەوەیان كە جلی كوردیی لەبەربوو پرسیم: بۆ كوێم دەبەن؟
ئەویش بە مۆنییەوە وەڵامیدامەوەو وتی: بۆ لای ماڵی خۆتان دەتبەین.
شارەكەی ئێمە هەمیشە پڕبوو لە چەك بەدەست. هەر بە چەكەكەی دەستیاندا دەتزانی، لە ئایندەدا ئەم شارە دەبێتە گۆڕێكی گەورە. تاوێك بەناو شارەكەدا گەراندمیانم، وەك بڵێیت: بیانەوێت هەموو وێرانەكەم پێ پیشانبدەن. من لەگەڵ وێرانبوونی شارەكەماندا خۆشم وێران بووم. پاشان سواری ئۆتۆمبێلێكی بە قوڕ سواغدراویانكردم و بەرەو ئەو رێگاییە بردمیان كە ئێوارەكەی دەمانوویست لێیەوە بڕۆین.
كە لە شارەكە دوركەوتینەوە و چووینە سەر رێگا خۆڵاوییەكە. چەندین كەس لەمبەر و ئەوبەری رێگاكەوە كەوتبوون. مامۆستای وانەی كوردیی خۆمانم بینی، لەسەر لا كەتبوو بە چاوێكی زەقەوە سەیریی دەكرد . نازانم دەیویست بڵێت: وانەی كوردی نزیكترین وانەیە لە مەرگەوە. یان دەیەویست بڵێت: هێشتا وانەیەكمان مابوو بۆ بینینی ژیان، بەڵام نەیانهێشت!
لەولای ئەوەوە ژنەی دراوسێمانم بینی بەپشتا كەتبوو سەیری ئاسمانی دەكرد!
لە دڵی خۆمدا وتم، وای… دەبایە بزانم، ئەو چرا بەدەستانە بۆ ئەوە نەهاتنەوە ناو شار، شارە تاریكەكەمان روناك بكەنەوە، بۆ ئەوە هاتن ئەو تۆزە ژیانەی شاردبوومانەوە بیدۆزنەوە و بیبەن. مەرج نیە هەركەسێك بە چرایەكەوە هات، وابزانی بۆ رووناككردنەوەی ماڵەكەت هاتووە. ئەشێت ئەو چرا بەدەستە كەسێك بێت بۆ ئەوە هاتبێت، لەناو ژیانەكەی تۆدا بۆ شتێك بگەرێت و بیبات كە تۆ هێشتا خۆت نەتدۆزیوەتەوە.
لەناو ئۆتۆمبێلەكە سەرنجم چووییە سەر كۆڵە پشتی كابرای چەك بەدەستی جل كوردی. كە دەمی كۆڵە پشتیەكەم كردەوە، پڕبوو لە كەلوپەلی گران بەها. لەناو كەلوپەلەكانیدا ئەنگوستیلەی مامۆستای وانەی وێنەكێشانی خۆمانم ناسییەوە. ئاخر مامۆستای وێنەكەمان بە پەنجە نەرم و ناسك و درێژەكانی ڕەنگی منداڵی ئێمەی دەكرد و ئەنگوستیلەیەكی زەرد لە پەنجە درێژەكەیدا بوو، لەناو ئەنگوستیلەكەیدا مورووێكی شین خۆی دەنواندا و لەناو مورووە شینەكەدا نووسرابوو: (منداڵیم)
نەموێرا هیچ بڵێم. هەر لەو كاتەوە زانیم، ئەوانەی لە شاخەكان بە شوێن باشتركردنی ژیانی ئێمەدا دەگەرێن، ئەگەر رێگایان بكەوێتە شارەكان، هەمووشتیان بیردەچێتەوە و، بە شوێن ئارەزوەكانی خۆیاندا دەگەرێن. كۆڵە پشتیەكانیان ژیانی تیانەبوو بۆ ئێمە. كۆڵە پشتییەكەی ئەوان مەرگی تیابوو بۆ مان. ئەوان بۆئەوە هاتنەوە بە بەشەكەی خۆیان رازیی نەبن و بەشەكەی ئێمەش ببەن، هەرواشیانكرد!
بە هەمان ئۆتۆمبێل منیانبرد بۆ شارێكی دور دور. شارێك لە قەتپاڵی چیاییەك بوو. سەرگەردان و كەس نەناس لەسەر یەكێك لە شەقامەكانی شارەكە سەیری ماڵەكانم دەكرد. ماڵەكانیان شانیاندابوو بە شانی یەكترییەوە. كوتوپڕ لەبەردەم پەنجەرەی یەكێك لە ماڵەكان دایكمم بینی. بە بینینی دایكمم لەتێكی ژیانمم بینییەوە.
كە دایكم منی بینی هەر لەپەنجەرەكەوە هاواریكرد: كوڕە ونبووەكەم!
دایكم كۆڵێك دڵیخۆشبوو منی دۆزییەوە. بەڵام نەیدەزانی هەر ئەو شەوەی لەسەر رێگا خۆڵەكە ونبووم، جارێكی كە خۆمم نەدۆزییەوە و بوومە ونبووترین كەسی سەر ئەم زەوییە.

                                       نەبەز گۆران