كەس وەك كورد بەتەنیا نامرێت

كەس وەك كورد بەتەنیا نامرێت

سڵاو … دلاوەر
ئەزانی حەزدەكەم یەك شەق لەم دونیایە هەڵدەیت سەرەو خواری بكەیتەوە، مەڵێ‌ بۆ؟!، چوون ئیتر گەیشتووینەتە شوێنێك بەرەو ئەوە دەڕۆین هەموو جوانیەكیان ناشیرین دەكەن. ئەها وا دەگەمە ئەو باوەرەی ئیدی لەشارەكاندا خەریكە شتێكی جوان نەماوە بۆی بژین. بۆیە بەراكردن شارەكانم جێهێشت. شوكور ئێستا لە گوندێكی دوور دوور، لە كوخێكدا بۆخۆم دانیشتووم، هەوای پاك هەڵەمژم. سەیری باخدەكەم، شیعر ئەخوێنمەوە. بەناو كۆڵانی ڕۆمانەكانا ئەگەڕێم. گوێ‌ لە زەنگی مەكتەبەكەی لای ماڵماندەگرم، هەردوای ئەوەی زەنگی لێدا فەزای ئەو ناوە پرەبێت لە قیژەی مناڵ. دەزانی مەگەر دەنگی پێی دایك هێندەی قیژەی مناڵ پاك بێت. بەڵام چیبكەم مرۆڤ كە گەورە دەبێت ئیتر ناشیرینیەكانیش لەگەڵی گەورەدەبن و جوانیەكانی لە منداڵیدا بەجێدێڵێیت. بۆیە زۆرجار لەبەر خۆمەوە دەڵێم: مرۆڤ بەس لە شیعردا جوانە.
بانەیشارمەوە كە شیعرێكی ( سابیر هەكا ) ئەخوێنمەوە دەستە قڵیشاوەكانی ژیانم بیر دێتەوە. كە رۆمانێكی ( عەتیق رەحیمی ) ئەگرم بەدەستەوە، پڕەبم لە هەتاوی رۆژهەڵات. ئەزانی (پاموك ) راستەكات، ئەم سەردەمە سەردەمی گەرانەوەیە بۆ چیرۆكەكانی رۆژهەڵات. ئەم رۆژهەڵاتە وێرانە ئەوەندە چیرۆكی تیایە بەشی ئەستێرەكانی تریش ئەكات.
برادەر .. پێم مەڵێ‌ چۆنی، چوون خراپم.
ئەگەر دایكم و هاورێكانم و بەدبەختی مرۆڤ و ئەو شازادە سپی و بچكۆلانەیەی كە جێی هێشتم، نەبوناییە حەزم لە قسەكردنیش نەدەبوو. لە تەنیایی بەزیاد بێت دەمێكە نایەڵم كەس بێت ئەم دونیایەم لێ‌ تێكبدات. برێكجار دڵی مرۆڤێك بشكێنی باشترە لێت دوربكەوێتەوە تا دەستی بگریت و بیبەیت بۆ وێرانەكەی خۆت. ئێستا توانای ئەوەم هەیە دڵی مرۆڤێك بشكێنم تا لە خۆمی دوربخەمەوە، بەس توانای ئەوەم نیە دڵی ئەو تەنیایە بشكێنم كە ئەم پارێزێت لە ناشیرینیەكان. ئەم ماوەیە هیچم پێنەكرێت ئەوەم پێدەكرێت ببمە پاسەوانی تەنیایەكانی خۆم، بۆئەوەی نەیەڵم كەس بێت تێكی بدات.
خۆتەزانی من هەواڵت ناپرسم. هەواڵی كەسیش ناپرسم. ئەزانم ئەوەی من بناسێت هەرگیز باش نیە. جا كەسێك باشبێت بۆ من بناسێت. من چ ئیشم بەباشەكان چیە؟!. ئەوكاتانەی دڵم زۆر زۆر تەنگە هەست بە ژیان ئەكەم. ئەوكاتانەی حەزدەكەم خۆم بدەمە دەست بێدەنگیەكی سەختەوە، هەست بە بوون ئەكەم. سەری خۆم زۆر قاڵ ناكەم. ئەما ئەوەندە لەمرۆڤ ترساوم ئەمەوێت كەمترینیان بناسم. هەتا كەمترین مرۆڤ بناسیت زۆرتر سروشتیت. زۆرتر ئارام دەبیت. سەیرە مرۆڤ هەرئەڵێی بۆ ئەوە دروستكراوە ئارامی دونیا تێكبدات!.
لەوانەیە لێرەشنەبیت بۆیە ماوەیەكە هیچت نابینم، ئەشزانم بێدەنگیش بۆ هەندێك لە مرۆڤەكان شیعرە، بۆ هەندێكیش هیچ نیە جگە لە سەركزكردن. باشی ئەوەیە تۆ لەوانەی شیعر ئەتبات و بێدەنگت دەكات، لەوانە نیت بۆیە بێدەنگی سەرت كزبكەیت. رەنگە وەكجاران هەمیشە لەسەفەردابیت و جانتاكەت پڕبێت لە دڵتەنگی، دە ئەگەرئەمجارە چوویت بۆ ئەودیوو، لەسەر قەدی یەكێك لە ( سوورە چنارەكانی شەقامی وەلی عەسر ) بنووسە:
كەس وەك كورد بەتەنیا نامرێت.
بەهەرحاڵ هەر ویستم شتێك بڵێم، لەوانەیە بێدەنگی بۆ ئەم سەردەمە باشتربێت لەوتنی شتەكان. چون ئیدی خەریكە هیچ شتێك مانای نامێنێت. سەختە لە شوێنێك بژیت بێدەنگیش مانای نەمێنێت. واهەستەكەم بەرەو ئەوە دەچین بێدەنگیش ناشیرین بكرێت. من بروام بەكردەوەكانی مرۆڤ نەماوە بەخۆشمەوە. تەنها بڕوام بەخەونەكانی ماوە. باشترە خەریكی خەونەكانی خۆمان بین. نەك شتێكی تر. ئەگەر هەركەسێك ئازاریدای بیدە بەدەم شیعرێكەوە. ئەگەر هەركەسێك نەتی ناسی لێگەرێ‌ با هەر لەو حاڵەدابێت كە ناوناسێت. مەجبورنیت خۆت بەخەڵك بناسیت. ناسین و نەناسینی خەڵك هیچ لە بێتامی ژنیان ناگۆرێت. بەس یەك شت هەیە بیرت نەچێت. هاورێی قەسابێك بیت خۆشترە لە هاورێی شاعیرێكی دەرباری ناو هۆڵەكان. هاورێی سیاسیەكی بێ‌ كەڵك بیت باشترە لە هاورێی قەڵەم بەدەستێك دەستی بەكڵاوەكەی خۆیەوە گرتووە. لەم سەردەمەدا هەندێك مەلا و شاعیر و ژنی بەناو فیمینستی دەربار دروست بوون، بۆنیان لە بۆنی سیاسیەكان ناخۆشترە، تا لەمانەوە دوورتربیت لە جوانیەوە نزیكتری. لەگەڵ شمشێربەەستەكانی مەغۆل بكەوەرە قسە بەمەرجێك لەگەڵ ئەو نووسەر و خۆبە شاعیرزانانە وشەیەك مەلێ‌ كە بونەتە دەهۆڵی دەربار و لەمەیخانەكان كەوتوون و شەوان ماڵی خۆیان نادۆزنەوە. ئەوانە دوای ماوەیەك ورگیان زلەبێت و مێشكیان بچوك، من زۆر لەوانەی دەربارم بینووە تابێت ورگیان زل و بیركردنەوەیان بچوكتر دەبێتەوە. ئیدی وایان لێدێت ئەوەندە ئەچەمێنەوە بۆ سیاسیە بێكەڵكەكان واك لقێكی وشكی دەق گرتوویان لێدێت، بەهیچ رەشەبایەك راست نابنەوە. حەزمكرد پێت بڵێم، هەتا پێتدەكرێت لەوانە دووربە هیچیان نەماوە بیدۆرێنن.

              هەمیشە درەنگانێكی شەو
             برادەرو  ویت: نەبەز