پێمخۆشە لەم ژیانەدا هەرگیز خەمگین نەبیت

پێمخۆشە لەم ژیانەدا هەرگیز خەمگین نەبیت

 سڵاو ڕوبار گیان…

پێمخۆشە لەم ژیانەدا هەرگیز خەمگین نەبیت

راستییەكەی لەبەر تەمبەڵیم و گۆشەگیریم، هەندێكجار بیرم دەچێت بپرژێمە لای ژیانی كەسە نزیك و ئازیزەكانی دەوروبەرم، بۆیە زۆر نیگەران نەبیت بەم درەنگوەختە، لە ژورەكەی خۆمەوە پێت بڵێم: “پیرۆزە، راستییەكەی ئەو پێكەوە ژیانەی تۆ و رەحمانم گەلێ‌ پێخۆشبوو.”

هەرچەندە من نازانم ژیانی هاوسەرگیریی چییە و، هیچ ئەزمونێكم نییە، وەلێ‌ هەستدەكەم پێكەوەژیان یانی دابەشكردنی خۆت لەگەڵ ئازیزێكدا، تۆ ئەگەر پێتدەكرێت لە بەشە شیرینەكەی خۆت بدە بەو منداڵە. هیچ نەبێت لەوە تێدەگەم پیاوەكان لەدەرەوە شتێكن و، لەناخەوە شتێكی كە، لەناو زۆربەی پیاوەكاندا منداڵییەك بوونی هەیە، تەنانەت لە ناو رۆحی جەلادەكانیشیاندا ئەو منداڵییە هەیە. هەرژنێك توانی ئەو منداڵییە بدۆزێتەوە ئەتوانێت بە باشی لەگەڵ پیاودا رێگای ژیان بگرێتە بەر.

ئەم قسانەم بۆ ئەوەنییە، تەنها دڵی ئەو منداڵە خۆشكەیت، بۆئەوەمە مادام بریارتداوە ژیانی خۆت لەگەڵ كەسێكی دیكە بەشبكەیت، هەوڵدە منداڵییەكەی ناخی بناسیت. یەكێكی تر لە كێشە گەورەكانی پیاوان ئەوەیە، هەمیشە حەزیان لەوەیە لەگەڵ هاوژینەكەیاندا بەشە شیرینەكەیان بەربكەوێت! لەوانەیە (رەحمان)یش وابێت؟ وایە؟

ئەگەر رۆژێك خەمگین بوویت، یان رۆژێك دڵتەنگ بوویت، بیر لە ساتەجوانەكانی پێكەوە بوون بكەوە، بیركردنەوە لە هەموو ساتێكی جوان كاڵكردنەوەی خەمگیینیەكە، گەرچی هەرگیز نامەوێت خەمگین و دڵتەنگبیت، ئەما ئەمە ژیانە. ئەو كەسەی لەنزیكیشتەوەیە كەسێكی زۆر ئاسانە، بەچەند ساتێك ئەتوانی لەمدیووە سەیری بكەیت و ئەودیوی ببینیت، بۆیە ژیانكردن بۆتۆ ئاسانتردەبێت. هەمیشە ژیان كاتێك قورسدەبێت بەرامبەرەكەت ئاڵۆزبێت، خۆشبەختانە تۆ هەڵبژاردنەكەت دروستبوو، چونكە بەرامبەرەكەت ئاڵۆز نییە روونە.

دەی با لەوە گەرێم بەبێ‌ ئەزموون قسە لەسەر پێكەوەژیان دەكەم، من هەمیشە مەمنونی تۆم، هەر من نا،(من، كاژاو، ئەحمەد میرە) زۆر زۆر مەمنونی تۆین، یەك دونیا كێشەت لەكۆڵكردیینەوە، بابە ئەو ماوەیەی ئاگری خۆشەویستییەكەتان هەڵیكردبوو لەپشت پەردەكانەوە، ئەم پیاوەی ئێستای تۆ سەری ئێمەی كونكردبوو. خۆمان بەو حاڵەخراپەوە، ئەویش ئەهات ئەوەندەی تر خراپی ئەكرد. ئاخر بەدبەختە كەمجار هەواڵی خۆشی دەهێنا، هەر لە پەیامنێری شەر ئەچوو، زۆربەی هەواڵەكانی لەسەر رووبەروو بوونەوەبوون. (بەینی خۆمان بێت باش؟!)

شتێكی تریش زۆر سەرنج راكێش بوو، هەمیشە بیرم دەكردەوە دەمگوت: جابەس نەبوو لەسەردەمی تەكنۆلۆژیابووین، وانەبواییە چیمان بكردایە، ئاخر هەموو هاتنە دەرەوەیەكی و، هەموو دانیشتنێكی پێویستی بەوەبوو وێنەیەك بگرێت و بۆ تۆی بنێرێتەوە، تا دەریخات لەگەڵ ئێمەیە!! جاوەرە جاران بواییە، یەك موختەبەری پێویست بوو لە پشتمانەوەبێت!

بەو هەموو بەرزی و نزمییە، بەو هەموو خەفەت و نوكتانەی لەو سەردەمە بینیمان، هێشتا نەتۆراوین لە ژیان. گەلێك پێمخۆشبوو ساڵی رابردوو بوویە ساڵی پێكەوە ژیانی ئێوە، بەراستی رووداوێكی گەورەبوو. ئەگەر منیش بیرم كردەوە ژیانم بەشبكەم لەگەڵ كەسێك، هەوڵدەدەم لە چل و پێنج ساڵیدا دەم و ددانم بشۆم و، لەدەوروبەری شاری (شیراز و ئەسفەهات و تاران) مۆمێك بدۆزمەوە بۆ روناككردنەوەی ژیانە تاریكەكەم. (ئەمە زۆر بەرژدی وەرمەگرە، رەنگە نەیشكەم چونكە كەسێكم قورسە ژیانكردن لەگەڵم.)

ئەزانم ئێستا سەرەتایەكی جوانە لەلای تۆ و منداڵەكە، لە هەموو حاڵەتێكدا كە دەتەوێت ژیان بەشبكەیت، باخەونەكانت گەورەبن. ژیان لە پەنجەرەوە بەجوانی خۆی دەرناخات، ژیان دەبێت دەروازە گەورەكانی بۆبكەیتەوە، بۆئەوەی بەرەو رووت بێت.

هەمیشە باشبیت، هەر حەزمكرد من دواكەسبم پیرۆزبایی بكەم، گەرشتێكیشم وتبێت بە دڵت نەبووبێت، خەتای ئەوەیە هێشتا بەباشی نازانم  قسە بكەم.

زۆر … زۆر… زۆر… ئاگات لەو منداڵەبێت. ماڵت ئاوا لەكۆڵتكردیینەوە و هەربەتەواوەتی ونبووە!!

تۆرانی منداڵەكان چەند ئاسانە، ئاشتكردنەوەشیان هێندە ئاسانە، هەروەك پیاوەكان.

 چاوی هەردووكتان ماچەكەم.. ماچ … ماچ…

                                                                                         برادەری خۆت

                                                                                              نەبەز گۆران