دەربارەی نەبەز گۆران

لە بەواری 17/5/1977 لەدایو بووە.
خەڵكی هەورامانە، ناحییەی بیارە. بەشێكی زۆری تەمەنی منداڵی لە ئۆردوگاكانی ئێران بەسەر بردوە.
بەهۆی پێشمەرگایەتی باوكییەوە، ئاوارەبوون. هەر لە ئۆردوگاكانی سەریاس، سولاس، جوانرۆ، هەزارخانی، شاری مەریوان، چەندین شوێنی دیكە، لە وڵاتی ئێران، دەبنە بەشێك لە ژیان و یادەوەری منداڵی نووسەر.
پاش راپەڕین و ساڵانی 1991 دەگەڕێنەوە بۆ گوندەكەی خۆیان بیارە ماوەیەكی زۆر لەوێ‌ سەرقاڵی باخەوانی و بونیادنانەوەی ماڵ و باخەكانیان دەبن، كە بە میراس لە باپیریانەوە بۆیان جێماوە. ساڵانی سەرەتای نەوەدەكان ساڵانێكی سەخت دەبێت بۆیان، سەختر لە سەردەمی ژیانی ئۆردوگاكانی ئێران، بەهۆی گرانییەوە ناچار دەبێت، هەم كاری شوانی بكات، هەم كاری كۆڵبەری. بۆ چەند ساڵێك شوان دەبێت، پاشان كۆڵبەری و هەندێك جاریش ئیشی دیكە.
هەتاكو ناوەراستی نەوەدەكان لەهەمان گوندی خۆیان دەمێنێتەوە. پاشان دێتە ناو شارەكانەوە. هاتنەكە بەهۆی خراپی گوزەران بووە لە گوند. لەناو شارەكانیش سەرەتا لەرێگەی چەند هاورێكییەوە هەوڵدەدەن بەرەو ئەوروپا سەفەربكەن، لە رێگای قاچاخەوە دەستگیردەكرێن و چەند رۆژێك زیندان دەبن. پاش سنوورداشكردنیان لە هەرێمی كوردستانیش لەلایەن ئاسایشەوە چەند رۆژێك دەستگیردەكرێن و بە كەفالەت ئازاد دەبن.
چەندینجار هەوڵدان بۆ سەفەركردن بۆ ئەوروپا شكست دەهێنێت و، بەهەرشێوەیەك بێت زەمەن تێدەپەڕێت و لە ساڵی 2000 رۆژنامەی هاوڵاتی دادەمەزرێت. لەم رۆژنامەیە دەبێتە پەیامنێر لە شاری هەولێر بەهۆی بێشوێنییەوە ماوەیەك لای مامی دەخەوێت و پاشان بۆ هەمیشە لە نووسینگەی رۆژنامەكە دەخەوێت و كاریش دەكات. لەو سەردەمەی رۆژنامەی هاوڵاتێدا دوو ئیشدەكات. بەیانیان تا پاش نیوەرۆ ئیشی پەیامنێری دەكات و، پاش نیوەرۆش تاكو شەو، دەبێتە شاگردی كتێبخانە و ئیشی شاگردی دەكات.
بەم جۆرە نزیكەی دەساڵ لە شاری هەولێر دەمێنێتەوە. لەو ماوەیەدا بەهۆی كاری نووسینەوە، 22 جار دەستگیر دەكرێت. 3 جار پەلاماردەدرێت و لێدەدرێت. جارێك دەیرفێن و پاش تەعزیبدانی بە بێهۆشی لە دەشتی كەسنەزان فرێیدەدەن، دووجاری دیكەش هەڵدەكوتنە سەری و پەلاماری دەدەن.
لەكاری رۆژنامەنووسیدا كێشەی زۆر دێتە بەر رێگەی، چ بە دەستگیركردن، یان لێدان، یان هەرەشەكردن لێی.
لەو سەروەختەدا 3 كتێب دەنووسێت. یەكەم كتێبی نامیلكەیەكی بچوك چەند پارچە شیعرێك دەبێت بەناوی: بۆشایی دونیا.  پاشان نامیلكەیكەی دیكە بەناوی: یەسنا لەژێربارانا سەیری باخ دەكات و، نامیلكەكەیی دیكە، بەناوی: پێم دەڵێت منداڵی. هەر سێ‌ نامیلكەكەی لەیان هاورێكانییەوە لە چاپخانەی رەنج ی هاوڵاتی و كۆمەڵێك هاورێی دیكەیەوە چاپ دەكرێن. پاش ئەم سێ‌ نامیلەكەیە ی كتێبی قەڵەمەكانی بەعس دەنووسێت. ئەم كتێبە كۆكراوەیەكی ئەرشیفی ئەو نووسەرە كوردانەیە، لە رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەكانی بەعسدا وتاریان لە ستایشی بەعس و سەددامدا نووسیوە.
بەهۆی فشاری زۆرەوە ناچار دەكرێت شاری هەولێر جێبهێڵێت و بچێتەوە شاری سلێمانی لەو ماوەیەی لە سلێمانی دەبێت جارێكی دیكە هەوڵی سەفەر دەدات و دەچێتە وڵاتی سوید ماوەیەك لەوێ‌ دەمێنێتەوە و دەگەڕێتەوە كوردستان.
یەكەم پارچە شیعری لە رۆژنامەی رێگای كوردستان ی حیزبی شویعی بڵاو دەكاتەوە
بەكەم وتاری لە ساڵی 2000 لە رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاودەكاتەوە، نووسینەكەش بەرگریكردن بووە لە مامۆستا شێركۆ بێكەس هەر لەو رۆژنامەیە نزیكەی سەد وتار و دیدار و بەدواداچوونی بڵاو دەبنەوە. پاشان لە گۆڤاری لڤین كۆمەڵێك بە دواداچوون لەسەر سیستەمی حوكومرانی و سیستەمی حیزب بڵاو دەكاتەوە. لە كۆتایی ساڵی دووهەزاردا، لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێی گۆڤارێكی سیاسیی بەناوی جیهان بڵاو دەكەنەوە و ئەم گۆڤارە بەردەوامدەبێت تا ئەو كاتەی نووسەر دەچێتە وڵاتی سوید.
پاش گەڕانەوەی لە وڵاتی سوید نزیكەی 2 ساڵ لەماڵ نایەتە دەرەوەی سەرقاڵی كاری نووسین و خوێندنەوە دەبێت.
ئەو بەرهەمانەی لەماوەی 19 ساڵدا چاپیكردوون بیریتین لەمانەی خوارەوە.

رۆمانەكان:
_دێوانەیەك لەم شارەیە، یەكەم رۆمانی چاپكراوە
_سەرسنوور
_مانگەشەو، دوو بەرگە بەرگێكی رۆمان بەرگێكی شیعر
_مەیخانەكەی ئۆرتینە، عەشقەكەی شێخی سەنعان و كچەی گاور
_میرنشینی خاك و خۆڵ
_مازیاری شەنگالی
نامیلكە شیعرییەكان:
_بۆشایی دونیا
_یەسنا لەژێر بارانا سەیری باخ ئەكات
_پێم ئەڵێ‌ منداڵی
_بۆت ئەبارێم
_من دوای رۆیشتنی تۆ ئەدرەوشێمەوە
سێ‌ كتێبی ئەدەبی وەرگێراوەتە سەر زمانی كوردی، هەر سێ كتێبەكە لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراون.
_نامەی كەسە مەزنەكان، كۆمەڵێك نامەیە لەلایەن چەندین كەسی مەزنی دونیاوە نووسراون
_ئێمە دوو عاشقی دەربەدەرین، كۆمەڵێك شیعری نزارقەبانی و غادە سامان
_یەك مانگ و ئەم هەموو پەنجەرەیە، كۆمەڵێك شیعری شاعیر ئەفشینی ساڵەحی
ئەو كتێبانەی دیكەشی كە پایكردون بریتین لەمانە:
_ رەگوڕیشەی بارزانییەكان لە تاجەدینەوە تا مەسعود
_كتێبێك دژی دەسەڵات
_نامەكانی واران و یەسنا
_قەڵەمەكانی بەعس